خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە: پیسبوون لە کوزەڵەی ئەم ساڵدا هەیە و مەیخۆن
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، چاودێریی تەواوی هەموو ئەو سەوزانە دەکەن کە لە سنووری هەڵەبجەدا هەن، بەتایبەت کوزەڵە، ئەمەش دوای قەدەخەکردنی لەلایەن تەندروستیی سلێمانییەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8-4-2026 ئەکرەم ئاغا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە هۆشدارییەکی جیدی بە دانیشتووانی هەڵەبجە لەڕێگەی رووداوەوە راگەیاند و گوتی، ''بە باشی دەزانین ئەم ماوەیە کوزەڵە نەخۆن و رێنوێنییەکانی تەندروستیی سلێمانی جێبەجێ بکەن''.
ئەکرەم ئاغا دەڵێت: پیسبوونێک لە کوزەڵەی ئەم ساڵدا روویداوە، هەر بۆیە تەندروستیی سلێمانی جەختی لە قەدەخەکردنی کردووەتەوە و ئەو نەخۆشییەشی بەهۆیەوە دەگوازرێتەوە قورسە و چارەسەریشی ئاسان نییە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ لیژنەیەکی چاودێری بۆ عەلوەی هەڵەبجە پێکدەهێنن تاوەکو لەوێوە کۆنتڕۆڵی هەر ناڕێکی و پیسبوونێک بکرێت و دەست بەسەر کوزەڵەکاندا بگرن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کرمی جگەر، باشترە هاونیشتمانییان دوور بکەونەوە لە خواردنی سەوزەی کوزەڵە، چونکە سەوزەیەکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە. (راپۆرتەکە ببینە).
کوزەڵە چییە؟
کوزەڵە گیایەکی خۆڕسكی نێو جۆگەلە، کانیاو و لێواری چهمەکانی کوردستانە و (بەرگەمێ)شی پێدەگوترێت. چەندین سوودی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە ئاسانی بە مشەخۆر و وردەزیندەرەوەکان پیس دەبێت، بۆیە ئەگەری ئەوەی هەیە هەڵگری چەندین بەکتریا و مشەخۆری مەترسیدار بێت.
نەخۆشییەکە چارەسەری هەیە و مەترسیدارە؟
بەگوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی کرمی جگەر دۆخێک تووشی مرۆڤ دەکات پێی دەگوترێت Fascioliasis کە لەڕێگەی ئاژەڵی تووشبوو یاخود سەوزە و میوەی پیسبووەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بەتایبەت سەوزەی کوزەڵە (watercress). ئەمە چارەسەری هەیە، بەڵام درێژخایەنە و دەستنیشانکردنەکەی لە قۆناخێکی پێشکەوتووی نەخۆشییەکەدا دەبێت کە لێکەوتە مەترسیدارەکان لەسەر جەستەی کەسەکە دەربکەون.
نیشانەکانی کرمی جگەر Fascioliasis
- سکچوون و رشانەوە
- سکئێشەی تووند
- قەبزی
- لەرز و تا
- پەڵەی سەر پێست
- هەوکردنی ئاڵووەکان
- بێهێزی و ئازاری ماسوولکەکان
لێکەوتەکانی هەوکردن بەهۆی کرمی جگەرەوە
- بەدخۆراکی
- ئاوسانی جگەر
- گرێ و برینی جگەر
- هەوکردنی زراو
- هەوکردنی ئەندامەکانی دیکەی جەستە
رێگریکردن لە هەوکردن بەهۆی کرمی جگەرەوە
- کوزەڵە نەخورێت.
- سەوزە و میوەکان بە باشی بشۆردرێنەوە.
- گۆشتی بێمۆڵەت نەخورێت.
- گۆشت بە باشی بکوڵێندرێت.
- لە وەرزە گەرمەکاندا باشترە میوەکان پاک بکرێن ئینجا بخورێن.
- سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە دیار بێت.