رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کرمی جگەر، باشترە هاونیشتمانییان دوور بکەونەوە لە خواردنی سەوزەی کوزەڵە.
ئەمڕۆ سێشەممە 7-4-2026 سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، هۆشدارییەکەمان تەنیا لەبارەی سەوزە کوزەڵەیە کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە هۆی تووشبوون بە کرمی جگەر کە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و چارەسەرەکەشی ئاسان نییە.
سامان شێخ لەتیف روونی دەکاتەوە، لەماوەکانی رابردوودا 90 تووشبووی ئەو جۆرە کرمە لە پارێزگای هەڵەبجە و دەڤەری راپەڕین تۆمار کراون.
کوزەڵە گیایەکی خۆڕسكی نێو جۆگەلە، کانیاو و لێواری چهمەکانی کوردستانە و (بەرگەمێ)شی پێدەگوترێت. چەندین سوودی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە ئاسانی بە مشەخۆر و وردەزیندەرەوەکان پیس دەبێت، بۆیە ئەگەری ئەوەی هەیە هەڵگری چەندین بەکتریا و مشەخۆری مەترسیدار بێت.
نەخۆشییەکە چارەسەری هەیە و مەترسیدارە؟
بەگوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی کرمی جگەر دۆخێک تووشی مرۆڤ دەکات پێی دەگوترێت Fascioliasis کە لەڕێگەی ئاژەڵی تووشبوو یاخود سەوزە و میوەی پیسبووەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بەتایبەت سەوزەی کوزەڵە (watercress). ئەمە چارەسەری هەیە، بەڵام درێژخایەنە و دەستنیشانکردنەکەی لە قۆناخێکی پێشکەوتووی نەخۆشییەکەدا دەبێت کە لێکەوتە مەترسیدارەکان لەسەر جەستەی کەسەکە دەربکەون.
نیشانەکانی کرمی جگەر Fascioliasis
- سکچوون و رشانەوە
- سکئێشەی تووند
- قەبزی
- لەرز و تا
- پەڵەی سەر پێست
- هەوکردنی ئاڵووەکان
- بێهێزی و ئازاری ماسوولکەکان
لێکەوتەکانی هەوکردن بەهۆی کرمی جگەرەوە
- بەدخۆراکی
- ئاوسانی جگەر
- گرێ و برینی جگەر
- هەوکردنی زراو
- هەوکردنی ئەندامەکانی دیکەی جەستە
رێگریکردن لە هەوکردن بەهۆی کرمی جگەرەوە
- کوزەڵە نەخورێت.
- سەوزە و میوەکان بە باشی بشۆردرێنەوە.
- گۆشتی بێمۆڵەت نەخورێت.
- گۆشت بە باشی بکوڵێندرێت.
- لە وەرزە گەرمەکاندا باشترە میوەکان پاک بکرێن ئینجا بخورێن.
- سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە دیار بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ