لێکۆڵینەوەیەک: شیری پڕچەور بکەن بە شیری کەمچەور

رووداو - تەندروستی

لێکۆڵینەوەیەکی گۆڤاری خۆراکزانیی کلینیکی لە ئەمریکا بەراوردکارییەک لەنێوان شیری کەمچەور و پڕچەور دەکات و دەریدەخات، شیری پڕچەور ئەگەری تووشبوون بە کێشەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن زیاد دەکات.
 
لێکۆڵەرانی نەرویژ ئامارەکانی ئەوانەیان هەڵسەنگاندووە کە لەنێوان ساڵانی 1974 تاوەکو 1988 تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بوون و بۆیان دەرکەوتووە، بەشێکی زۆری ئەوانەی ئەو نەخۆشییانەیان هەبووە، رۆژانە شیری چەوریان خواردووەتەوە.
 
ئیریک کریستۆڤەر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆسلۆ دەڵێت: گۆڕینی شیری پڕچەور بە شیری کەمچەور، ئەگەری مردن بە نەخۆشییەکانی دڵیش کەم دەکاتەوە.
 
بەپێی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی NHS لە بەریتانیا، خۆراکە چەورەکان هۆکاری سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی کۆلیستڕۆڵ و چەورییەکی دیکەی خوێن، بەمەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاد دەبێت. بەڵام کەمکردنەوەی خۆراکە چەورەکان و پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست، رێگر دەبێت لەوە.