ڤایرۆسێک بە خێرایی لە چین بڵاو دەبێتەوە و هۆشداری دەدرێتە گەشتیاران
رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی سەرچاوەکانی چین، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی چیکنگونیا لە شاری فۆشان بووە و بڵاوبوونەوەکەی لە 8ـی تەمووزدا دەستیپێکردووە، تائێستا زیاتر لە هەشت هەزار تووشبووی لێ تۆمار کراوە.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نیشانەکانی ڤایرۆسەکە سووک و مامناوەندن، بەڵام ئەوەی جەختی لێبکرێتەوە، ئەم ڤایرۆسە دەبێتە هۆی ئاوسان و هەوکردنی جومگەکان کە دەشێت درێژخایەن لەسەر کەسەکە بمێنێتەوە و کوشدە بێت.
بەرپرسانی تەندروستیی چین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، پەردەکوللە، مێرووکوژ و رشاندنی قڕکەر بەکاردەهێنن، میدیاکانی چین بڵاویان کردووەتەوە کە بارانبارینی ناوەخت و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هاندەری سەرەکی بوون بۆ چالاکبوونی مێشوولەکان.
ئەوەش باس دەکەن، لە وهان، ماکاو و هۆنگ کۆنگیش تووشبووی ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە.
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لە وڵاتەکە ڤایرۆسەکە باو نییە، تەنیا لەو گەشتیارانە دەستنیشانکراوە کە لە چینەوە چوونەتە وڵاتەکە، CDC روونی دەکاتەوە، ''لە ساڵی 2019ـەوە تووشبوو تۆمار نەکراوە، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە 46 تووشبوو تۆمار کراون''.
هەر بۆیە CDC هۆشداری دەداتە ئەو گەشتیارانەی لە وڵاتەکەیانەوە سەردانی بەرازیل، کۆڵۆمبیا، هیندستان، مەکسیک، نەیجیریا، پاکستان، تایلەند و فلیپین دەکەن کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیان تێدا زۆرە. تەنانەت رێنوێنیی خانمانی دووگیانیش دەکات، گەشت بۆ ئەو ناوچانە نەکەن.
رێگەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی چیکنگونیا
تەنیا لەڕێگەی پێوەدانی مێشوولەی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە.
نیشانەکانی ڤایرۆسی چیکنگونیا
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- سکچوون
- لاوازی و بێهێزی
- ئاوسان و هەوکردنی جومگەکان
ڤاکسین و دەرمان دژی ڤایرۆسی چیکنگونیا هەیە؟
تائێستا دەرمانێکی دیاریکراو دژی ڤایرۆسەکە پەسند نەکراوە، بەڵام دوو ڤاکسین هەن و لەلایەن ناوەندی CDC پێشنیاز کراوە بۆ ئەوانەی گەشتی ئەو شوێنانە دەکەن کە ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە، ڤاکسینەکانیش بە ناوەکانی IXCHIQ و VIMKUNYA بەردەستە.
پێشینەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان لە چین
لەدوای سەرهەڵدانی {پەتای SARS کە نەخۆشیی کۆنیشانەی تووندی هەناسەدانە لە ساڵی 2002 لە چین پەیدا بوو و لە 30 وڵات بڵاوبووەوە} و {کۆڤید-19 لە ساڵی 2019 کە گۆڕاوێکی نوێی کۆرۆنا بوو لە چین سەری هەڵدا و لە 229 وڵات بڵاوبووەوە} چین ئەزموونی زیاتری بینی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکان و دەسەڵاتدارانی دەڵێن، لەمەودوا بە زوویی کۆنتڕۆڵی پەتای داهاتوو دەکەن کە بە گوتەی شارەزایان، مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەم چیکنگونیایەش زۆرە، بەڵام رێگەی گواستنەوەی بەراورد بە ڤایرۆسەکانی دیکە سنووردارە.