جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە: دوو ساڵە ئامێری CT scanـمان تێکچووە و چاک ناکرێتەوە

رووداو - تەندروستی 

جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کۆیە رایدەگەیێنێت، کێشەی کەمی و لاوازیی ئامێرەکانی تیشکیان هەیە و دوو ساڵە ئامێری CT scanـیان تێکچووە، بەڵام چاک ناکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 9-12-2024 دکتۆر شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ئامێری تیشکیی MRI لە نەخۆشخانەی شەهید د. مەجید کەوتەوە کار، ''چونکە حەوت مانگ بوو لەکارکەوتبوو''.
 
دکتۆر شێروان جەلال دەڵێت: ''سەنتەری تیشك لە کۆیە تەنیا یەک ئامێری لێیە کە MRIـیە و نۆرەی نەخۆشەکانیش بەهۆی دواکەوتنی چاککردنەوەی ئامێرەکان درێژە''.
 
د. وەلید باقر، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لە کۆیە بە رووداوت گوت، بەهۆی نەبوونی CT scan، زۆرێک لە نەخۆشییەکان دەستنیشان ناکرێن و ناچار دەبێتە نەخۆشەکان بۆ پشکنین، بچنە هەولێر و رانیە.