نوێنەرێکی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی: گۆشتفرۆشەکان جلوبەرگی تایبەت لەبەر بکەن

رووداو - تەندروستی

نوێنەری تەندروستی لە لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی هۆشداری دەداتە گۆشتفرۆشەکان لەوەی کە جلوبەرگی تایبەت لەبەر بکەن و بە مادەی پاکژکەرەوە هەمیشە خاوێنیی شوێنەکانیان بپارێزن.
 
ئەمڕۆ شەممە 10-5-2025 ئازاد نەبی، نوێنەری تەندروستی لە لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەو کابانەنەی لە ماڵەوە گۆشت لەت دەکەن و ئامادەی دەکەن، پێویستە دەستکێش لەدەست بکەن.
 
ئازاد نەبی باسی ئەوە دەکات، ''ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون بە مادەی پاکژکەرەوە لەنێو دەچێت'' و بە رێگەیەکەی کاریگەر داینا بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە.
 
جگە لەوەی لە کۆیە تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون تۆمار کرابوو، ئەمڕۆ گیانلەدەستدانی تووشبوویەکی نەخۆشییەکە لە دهۆک پشتڕاستکرایەوە و لە عێراقیش زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای زیقار تۆمار کراوە.
 
بۆچی ساڵانە تای خوێنبەربوون پێش جەژنی قوربان پەیدا دەبێتەوە؟
 
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەی؟ 
 
* ئەو ئاژەڵانەهەڵبژێرە کە گەنە و مێش و مەگەزیان پێوە نییە. 
* لەکاتی سەربڕیندا دووربکەرەوە لە شوێنەکە و با هیچ بەرکەوتەیەکت لەگەڵ گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵەکە نەبێت. 
* پێش سەربڕین و دوای سەر بڕین پشکنین بۆ ئاژەڵە بکرێت. 
 
کاتێک گۆشتەکە دەبەیتەوە ماڵەوە
* بە دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت گۆشتەکە لەت لەت بکرێت. 
* ئەو چەقۆیەی بەکاردێت واباشترە فڕێ بدرێت یاخود دوای کارەکە بە فاست بشۆردرێت. 
* سەرجەم خوێن و پاشماوەکان بخرێنە نیو کیسە و لە شوێنی تایبەت فڕێ بدرێن. 
* لەکاتی بەرکەوتن بە گۆشتەکە دەستەکان بشۆردرێن و دەست نەبرێت بۆ دەم لووت. 
 
کاتێک گۆشتی قوربانیتان بۆ دێت 
 
* راستەوخۆ بیخەرە نێو بەفرگر بۆماوەی 24 کاژێر.
* دواتر بیخەرە نێو ساردکەرەوە بۆ ئەوەی خاو ببێتەوە.
* چەند کاژێرێک بیکوڵێنە یاخود بیکە بە کەباب و بیبرژێنە ئاساییە.