بەرپرسێکی تەندروستیی دهۆک: تاوەکو 14 رۆژ ماڵباتی قوربانییەکەی تای خوێنبەربوون لەژێر چاودێریدا دەبن
رووداو - تەندروستی
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە تەندروستیی دهۆک رایدەگەیێنێت، ئەو تووشبووەی تای خوێنبەربوون لە دهۆک گیانی لەدەستدا، بەرکەوتەی لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە.
ئەمڕۆ شەممە 10-5-2025 د. سەگڤان حەسەن، بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، لە دهۆک لە ساڵی رابردوو 5 تووشبووی نەخۆشییەکە تۆمارکرا و یەکێکیان گیانیان لەدەستدا؛ ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا چوار حاڵەتی گومانلێکراو هەبوون، بەڵام لەکاتی پشتڕاستکردنەوە ئەو نەخۆشییەیان نەبووە.
لەبارەی دواکەوتنی کاتی راگەیاندی ئەو تووشبووە کە هاوکات بووە لەگەڵ گیانلەدەستدانی، د. سەگڤان حەسەن روونی دەکاتەوە، تاوەکو پشکنینەکان لە تاقیگەی ناوەندی و تەندروستیی گشتیی بەغدا ئەنجامەکان پشتڕاست نەکرێنەوە، ئەوان ناتوانن هیچ تووشبوویەک رابگەیێنن.
د. سەگڤان حەسەن گوتی، ''تاوەکو 14 رۆژ ماڵباتی قوربانییەکەی تای خوێنبەربوون و ئەو کارمەندە تەندروستییانەشی کە بەرکەوتنیان لەگەڵدا هەبووە، لەژێر چاودێریدا دەبن''.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ گیانلەدەستدانی تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە دهۆک راگەیێنرا، تەندروستیی دهۆک هۆشداری بە خەڵک دەدات و رایدەگەیێنێت: گۆشتفرۆش و خاوەن ئاژەڵەکان بە جلوبەرگی پارێزەرەوە نزیکی ئاژەڵ و گۆشتەکەی بکەون.