ئیسپانیا رێگەی بە لەنگەرگرتنی ئەو کەشتییە دا کە ڤایرۆسی 'هانتا'ی تێدا بڵاوبووەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەکار عەلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەگاتە ئیسپانیا بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی سەرنشینانی کەشتییەک کە ڤایرۆسی "هانتا"ی تێدا بڵاوبووەتەوە. حکومەتی ئیسپانیاش دەڵێت، رێڕەوێکی جیاکراوە بۆ گواستنەوەی گەشتیاران بەرەو فڕۆکەخانە ئامادە کراوە.
 
رۆژی شەممە، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) گەیشتە دوورگەی تێنێریفی لە ئیسپانیا. ئامانجی گەشتەکەی تێدرۆس سەرپەرشتیکردنی گواستنەوەی سەرنشینانی کەشتیی گەشتیاریی (MV Hondius)ـە و هەوڵیش دەدات جیهان و دانیشتووانی ناوچەکە دڵنیا بکاتەوە، کە ئەمە پەتایەکی نوێی وەک "کۆرۆنا" نییە و مەترسییەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
 
'ئەمە کۆرۆنا نییە'
 
تێدرۆس ئەدهانۆم لە نامەیەکی کراوەدا بۆ دانیشتووانی دوورگەکە، هەوڵی دا ئەو ترسە بڕەوێنێتەوە کە بەهۆی ناوی "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس" دروستبووە و نووسیویەتی: "دەمەوێت بە روونی بیبیستن و ببینن؛ ئەمە کۆرۆنایەکی نوێ نییە، مەترسییەکەی بۆ سەر تەندروستیی گشتی هێشتا نزمە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی WHO دانی بەوەدا نا کە خەڵک یادەوەریی تاڵیان لەگەڵ ساڵی 2020 و پەتای کۆرۆنا هەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە رێکخراوەکەیان بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات.
 
رێڕەوێکی جیاکراوە بۆ گەشتیاران
 
فێرناندۆ گراندێ مارلاسکا، وەزیری نێوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێککەوتووە پێشوازی لەو کەشتییە بکات کە ئاڵای هۆڵەندای لەسەرە. گوتیشی: "خشتەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گەڕاندنەوەی گەشتیارەکان بۆ وڵاتەکانیان ئامادە کراوە."
 
بەپێی پلانی حکومەتی ئیسپانیا، گەشتیارانی وڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەلجیکا، ئێرلەندا و هۆڵەندا) دەگەڕێندرێنەوە، پلانێکی تایبەتیش بۆ ئەو گەشتیارانە دانراوە کە وڵاتەکانیان لە دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپان.
 
بۆ رێگریکردن لە تێکەڵاوبوونی گەشتیارەکان لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە، بڕیاردراوە, کەشتییەکە ببرێتە بەندەری پیشەسازیی "گرانادیلا" کە ناوچەیەکی دوورەدەستە. سەرنشینەکان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و لە رێگەی "رێڕەوێکی تەواو جیاکراوە" بگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانە.
 
مەترسیی ڤایرۆسی 'ئەندێز' چییە؟
 
ئەوەی بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی نێودەوڵەتی، پشتڕاستکردنەوەی جۆری "ئەندێز" (Andes virus)ـە لەنێو تووشبووەکاندا؛ ئەمە تاکە جۆری ڤایرۆسی هانتایە کە دەتوانێت لە "مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ" بگوازرێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا سێ کەس لەناو کەشتییەکەدا گیانیان لەدەستداوە، لەناو کەشتییەکەدا 150 کەس هەن کە هەڵگری 23 رەگەزنامەی جیاوازن.
 
ڤایرۆسی هانتا (Hantavirus) چییە؟
 
- نەخۆشییەکی دەگمەنە و بەزۆری لە رێگەی قرتێنەرەکانەوە (جرج و میشک) بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
- جۆری "ئەندێز" مەترسیدارترین جۆریەتی چونکە لەنێوان مرۆڤەکاندا دەگوازرێتەوە.
- نیشانەکانی بریتین لە: تای تووند، سەرئێشە، ئازاری سک و پەککەوتنی خێرای سییەکان و گورچیلەکان.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، پسپۆڕێکی نێودەوڵەتی لەناو کەشتییەکەدایە و تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی نوێی نیشانەدار تۆمار نەکراوە، بەڵام بارودۆخەکە لەژێر چاودێرییەکی یەکجار توونددایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە