WHO: ڤایرۆسی هانتا جۆرەکەی گۆڕاوە و ئەمەیان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ بە ئاسانی دەگوازرێتەوە

رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، ئەو کۆمەڵە ڤایرۆسەی بە ناوی هانتا کە لەنێو کەشتیی گەشتیاریی (MV Hondius) بڵاو بوونەتەوە، لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەشێت بگوازرێنەوە، چونکە گۆڕاوێکی نوێی لێدروستبووە و بە خێراییش دەگوازرێتەوە.
 
گۆڕاوە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە لەو جۆرەیە کە لە ساڵی 1995 بۆ یەکەمجار لە ئەرجەنتین دۆزرایەوە بە ناوی (ئەندێز - Andes) کە ئەمە زۆر دەگەمەن بووە، بەڵام بەهۆی گەشتکردن و تێکڵاویی خەڵکەوە ئەم ڤایرۆسە پەلی هاوێشت بۆ وڵاتانی دیکە و ئیدی تەنیا لە شوێنێکی دیاریکراو نەمانەوە.
 
توێژینەوە کلینیکییەکان توانای ئەم ڤایرۆسەیان بۆ گواستنەوە لە رێگەی بەرکەوتنی نزیکی نێوان مرۆڤەکانەوە پشتڕاست کردووەتەوە، جا لە رێگەی پرژەی هەناسەدان بێت یان بەکارهێنانی هاوبەشی کەلوپەلی کەسی، کە تایبەتمەندییەکی دەگمەنە و کردوویەتی بە "هەڕەشەیەکی پەتایی شاراوە" کە جیهان بە وریاییەوە چاودێریی جووڵەکانی دەکات.
 
''رێژەی کوشندەیی ڤایرۆسەکە بەرزە''
 
ڤایرۆسی ئەندێز ئاڵنگارییەکی پزیشکیی ئاڵۆزە، چونکە ماوەی لەخۆگرتنی لە هەفتەیەکەوە تاوەکو شەش هەفتە دەخایەنێت، نیشانە سەرەتاییەکانی وەکو پەتایەکی ئاساییە، بەڵام کاتێک چارەسەر ناکرێت، دەشێت ببێتە هۆی هەوکردنی تووندی سییەکان و خوێنبەربوون ئەمەش رێژەی مردن بۆ ئاستێکی شۆکهێنەر بەرز دەکاتەوە کە لە نێوان 35٪ بۆ 40٪ دایە.
 
تارمایی کەرەنتین؛ ئایا سیناریۆی 2020 دووبارە دەبێتەوە؟
 
لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییە جیهانییەکان لە گەڕانەوەی تارمایی "کەرەنتینەکانی 2020"، پسپۆڕانی تەندروستیی گشتی دڵنیایی دەدەنە دانیشتووانی جیهان کە سیناریۆی کەرەنتینی سەرتاسەری دوورە و شتی وا دووبارە نابێتەوە. ئەم گەشبینییە وریایانە لەسەر ئەو راستییە بنیاتنراوە کە لێهاتوویی بڵاوبوونەوەی "ئەندێز" لەنێوان مرۆڤەکاندا، سەرەڕای مەترسیدارییەکەی، ناگاتە خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکانی دیکەی کۆئەندامی هەناسەدان وەک "کۆرۆنا"، چونکە تووشبوون پێویستی بە بەرکەوتنی نزیک و بۆ ماوەیەکی درێژ هەیە.
 
ڤایرۆسی هانتا دەگمەنە زۆرجار لە رێگەی جرج و مشکی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەتایبەت لە رێگەی میز و لیکیانەوە. تاقیگەکان لە سویسرا و ئەفریقای باشوور پشتڕاستیان کردەوە، جۆری ڤایرۆسەکە بریتییە لە (ئەندێز - Andes)، کە تاکە جۆری ئەم ڤایرۆسەیە دەکرێت لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە. تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسین یان چارەسەرێکی دیاریکراو بۆ ئەم ڤایرۆسە نییە، بەڵام رێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەڵێ مەترسییەکە بۆ سەر خەڵک لە ئاستێکی نزمدایە، چونکە پێویستی بە بەریەککەوتنی زۆر نزیک هەیە بۆ بڵاوبوونەوە.
 
چۆن ڤایرۆسی هانتا دەگوازرێتەوە؟
 
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە میز، پیسایی و لیکی قرتێنەرەکان.
- تێکەڵاوبوونەوەی پاشماوەی قرتێنەرەکان بە خۆراک و ئاوی مرۆڤ.
- تێکەڵاوبوون و بەرکەوتن لەگەڵ کەسی تووشبووی ڤایرۆسەکە.
- دەستدان لەو شوێنەی پاشماوەی مشک و جرجی تێدایە و دواتریش دەستدان لە دەم و لووت.
 
نیشانەکانی ڤایرۆسی هانتا چین؟
 
لە سەرەتادا
- لەرز و تا
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان و بێهێزی
- پشتئێشە و ئازاری قاچەکان
- هێڵنجدان و رشانەوە
- ماندوویێتی
 
لە قۆناخی تووندی نەخۆشییەکە
- هەناسەتەنگی
- کۆبوونەوەی شلە لە سییەکان
- دابەزینی پەستانی خوێن
- خێرالێدانی دڵ
- سستبوونی گورچیلەکان
- ئەگەر چارەسەر نەکرێت، بە گیانلەدەستدان کۆتایی دێت
 
ئایا ڤایرۆسی هانتا چارەسەری هەیە؟
 
- تائێستا چارەسەری دیاریکراوی نییە.
- دەرمان بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و بەهێزکردنی بەرگریی جەستە بەکاردێت.
- نەخۆش دەخرێتە چاودێریی چڕ بۆ رزگارکردنی ژیانی.
 
بەم شێوەیە خۆت لە ڤایرۆسی هانتا بپارێزە
 
- پاککردنەوەی شوێنی مانەوە و شوێنی دروستکردنی خۆراک.
- دەستنەدان لەو شوێنانەی پاشماوەی مشک و جرجی لێیە.
- بەکارهێنانی گسکی کارەبایی بۆ پاککردنەوەی پێچ و کون و قوشبنەکان، بەڵام لەو کاتەدا دەمامک بەکاربێت.
- پاککەرەوەی کیمیایی گونجاو بەکاربێت بۆ پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی پاشماوەی مشک و جرجی لێیە.
- ئەو رێکارانە بگیرێنەبەر کە قرتێنەرەکان کەم دەکاتەوە و لەنێویان دەبات بەتایبەت لە ماڵ و شوێنی کار.
 
مەترسیی ڤایرۆسی 'ئەندێز' چییە؟
 
ئەوەی بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی نێودەوڵەتی، پشتڕاستکردنەوەی جۆری "ئەندێز" (Andes virus)ـە لەنێو تووشبووەکاندا؛ ئەمە تاکە جۆری ڤایرۆسی هانتایە کە دەتوانێت لە "مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ" بگوازرێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا سێ کەس لەناو کەشتییەکەدا گیانیان لەدەستداوە، لەناو کەشتییەکەدا 150 کەس هەن کە هەڵگری 23 رەگەزنامەی جیاوازن.