پزیشکێکی دەرمانساز: درەنگچاکبوونەوەی برین نیشانەیەکی کەمیی زینکە
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی دەرمانساز هۆشداری دەداتە وەرزشڤانان کە ئاگاداری زۆرخواردنی زینک بن و دەڵێت: بڕی زیاتر لە 40 میلیگرام لە رۆژێکدا زینک بخورێت مەترسیدارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-7-2025 دکتۆر ئەشکین حەبیب، پزیشکی دەرمانساز لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، زینک مادەیەکی گرنگە بۆ جەستە و دەکرێت لە خۆراکەکانی وەکو 'ماسی، گوێچکە ماسی، قرژاڵ، ناوکە کوولەکە، گازۆ، سپێناخ و گۆشتی مانگا' دەستبکەوێت.
دکتۆر ئەشکین حەبیب گوتی، زینک رۆڵی هەیە لە بەهێزکردنی بەرگریی جەستە و دەشێت ئەگەری تووشبوون بە پەتاکان کەم بکاتەوە، بەڵام ناکرێت بەبێ راوێژی پزیشک بخورێت، تەنانەت لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا زینک بەتەنیا بخورێت یاخود لەگەڵ ڤیتامینی دیکەدا، گوتی: دەکەوێتە سەر ئەوەی کەسەکە دەیەوێت وەکو پارێزگاری بیخوات یاخود بۆ چارەسەری کێشەی کەمیی زینکی.
باسی ئەوەشی کرد، درەنگچاکبوونەوەی برین یاخود لاوازیی گەشەی منداڵ دەشێت نیشانە بن بۆ کەمیی زینک، بەڵام بۆ دڵنیایی پێویستە پشکنین بکرێت.