رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی دەرمانساز کاتی خواردنی ڤیتامینەکانی D و B12 و مادەی ئاسن روون دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: ڤیتامین D لەدوای ژەمی چەور و مادەی ئاسنیش بە گەدەی بەتاڵ بخورێت و ڤیتامین B12 لەنێو شەربەتدا بخورێن. چەند هۆشدارییەکیش دەدات.
دکتۆر ئەشکین حەبیب، پزیشکی دەرمانساز لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، هەر وەک چۆن کەمبوونەوەی ڤیتامینەکان زیان بە جەستە دەگەیێنێت، ئاواش زیادبوونیان دەشێت ببێتەهۆی ژەهراویبوون و زیان بە جەستە بگەیێنێت، بۆیە بە پێویستی دەزانێت لەژێر راوێژی پزیشک یاخود پزیشکی دەرمانساز تەواوکەرە خۆراکییەکان وەربگیرێن.
وەڵامی پرسیارەکان لەبارەی ڤیتامین D
رووداو: باشترین کات بۆ خواردنی کەیە و هۆکار چییە؟
دکتۆر ئەشکین حەبیب: باشترین کات بۆ وەرگرتنی ڤیتامین D، لەگەڵ ژەمێکی چەوردایە، لەبەرئەوەی ڤیتامین D لە چەوریدا تواوەیە کاتێک لەگەڵ ژەمێکی چەور و سەرەکی وەردەگیرێت هەڵمژینی لە جەستەدا زیاد دەبێت و زیاتر سوودی لێ دەبینرێت، ئەم ژەمەش نیوەڕوان بێت باشترە.
رووداو: بەپێی بڕەکان چۆن بخورێت؟
دکتۆر ئەشکین حەبیب: باشترین بڕی ڤیتامین دی پێشنیازکراو لەنێوان ژەمی 600 بۆ 800 یەکەی نێودەوڵەتییە بۆ زۆربەی خەڵک، بەڵام بۆ ئەوانەی کێشەی کەمیی چڕیی ئێسکەکانیان هەیە، یان هەندێک نەخۆشییان هەیە، یانیش بەهۆی هەندێک دەرمانەوە ڤیتامینەکەیان دادەبەزێت، پێویستیان بە ژەمی زیاتر هەیە کە پێویستە لە ژێر چاودێریی پزیشکدا وەری بگرن. ڤیتامین D ئەگەر لەگەڵ کاڵسیۆم و ڤیتامین کەی وەربگیرێت، زۆر باشترە و کاریگەری و رێژەی هەڵمژینی یەکتر زیادەکەن. زۆرجار جگە لە دەنکۆڵە، دەکرێت وەکو گیراوە بکرێتە نێو شیرەوە ئینجا بخورێت، چونکە هەم لە چەوریدا باشتر دەتوێتەوە، هەمیش لەگەڵ کاڵسیۆمی شیرەکە باشتر هەڵدەمژرێت.
وەڵامی پرسیارەکان لەبارەی ڤیتامین B12
رووداو: باشترین کات بۆ خواردنی کەیە و هۆکار چییە؟
دکتۆر ئەشکین حەبیب: ڤیتامین Bـیەکان لە ئاودا تواوەن و تایبەتمەندی وریاکرەوەیان هەیە و وزە و چالاکیی جەستە زیاد دەکەن و زیندەچالاکی خێراتر دەکەن بۆیە واباشترە بەیانیان دوای ژەمێکی سووک بخورێن، نابێت لە شەواندا بخورێن لەبەرئەوەی دەبنەهۆی خەوزڕاندن.
رووداو: چۆن بخورێت، بە دەرزی یان بە دەنکۆڵە؟ چەند رۆژ جارێک بەکاربێت؟
دکتۆر ئەشکین حەبیب: بۆ ئەوانەی کێشەی گەدەیان نییە دەتوانن بە دەنکۆڵە 'حەب' وەریبگرن، هەرچی ئەوانەی کێشەی گەدەیان هەیە دەتوانن بە شێوەی گیراوە وەریبگرن، لەبەرئەوەی هەرسکردنی بۆ گەدە ئاسانترە. دەتوانرێت بکرێتە پەرداخێک ئاو، یان شەربەتی فرێش بۆ ئەوەی تامێکی خوازراوتری هەبێت، بەڵام نابێت لەگەڵ شیردا تێکەڵ بکرێت. بەشێوەیەکی گشتی دەتواندرێت رۆژانە یەک دەنک دەنکۆڵە وەربگرن. بەڵام زیاتر بە شێوەی گیراوەی بچووک هەیە، یەک گیراوە لە رۆژێکدا، بەڵام ئەوانەی کەمیی ڤیتامینەکەیان هەیە، پێویستە لەژێر راوێژی پزیشک وەریبگرن.
وەڵامی پرسیارەکان لەبارەی مادەی ئاسن
رووداو: باشترین کات بۆ خواردنی کەیە و لەدوای خواردنی، نابێت چ خواردنەوەیەک بخورێتەوە؟
دکتۆر ئەشکین حەبیب: مادەی ئاسن بە گەدەی بەتاڵ بخورێت باشرە و زیاتر لە لایەن جەستەوە هەڵدەمژرێت، بەڵام لەوانەیە هەندێکجار و لە هەندێک کەسدا ئازاری گەدە دروست بکات بۆیە دەتوانرێت دوای نانی نیوەڕۆ یان ئێواران بخورێت. بەمەرجێک لەو ژەمەدا خۆمان بپارێزین لە خواردنەوەی چا، قاوە و خواردنەوە گازییەکان.
وەڵامی پرسیارەکان لەبارەی فرەڤیتامینەکان 'مەڵتیڤیتامین'
رووداو: ئەگەر بە فەوار بێت بۆ کێ باشە؟ ئەگەر بە دەنکۆڵە بێت بۆ کێ باشە؟
دکتۆر ئەشکین حەبیب: تەواوکەری فرەڤیتامینەکان پێکهاتوون لە چەند ڤیتامین و کانزایەک بە بڕێکی دیاری کراو و پارێزراو کە دەکرێت وەک پارێزگاریکەر و تەواوکاری تەندروستیی جەستە بە گشتی بەکاربهێنرێن. بە دوو جۆری باو هەن ''دەنکۆڵە و فەوار''.
فرەڤیتامینی دەنکۆڵە 'حەب' بۆ ئەوانە گونجاوە کە توانای قووتدانی هەبێت و کێشەی گەدەی نەبێت، ئەوانەشی کە ئازاری گەدە، برینی گەدە و بەکتریای گەدە H paylori یان هەیە واباشتر بە شێوەی فەوار بیخۆن، لەبەرئەوەی لە لایەن گەدەوە ئاسان هەرس دەکرێت و هەڵمژینی خێرایە.
رووداو: باشترین کات بۆ خواردنی کەیە؟ هۆکار چییە؟
دکتۆر ئەشکین حەبیب: باشترین کات بریتییە لە بەیانیان یان نیوەڕوان پێش یان دوای نانخواردن لەبەرئەوەی تەواوکەری فرەڤیتامینەکان دەکرێت هەندێک ڤیتامینیان تێدابێت کە ببنەهۆی زراندنی خەو و وزە و چالاکی بە جەستە ببەخشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ