بە 10 گۆڕانکاریی سادە و ئاسان، ئەگەری مردنی پێشوەختە کەم بکەرەوە
رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، ئەمریکییەکان رۆژانە شەش بۆ هەشت کاژێر بە دانیشتنەوە بەسەر دەبەن، ئەمەش وادەکات کە ئەگەری مردنی پێشوەختە و تووشبوونیان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاد بێت.
راهێنەرێکی جەستەییش دەڵێت: دەتوانین بەرپەچی ئەو هەموو دانیشتنە بدەینەوە بە وەرزش و جووڵەکردنی رۆژانە تەنانەت ئەگەر لەکاتی جێبەجێکردنی کارە رۆتینییەکانی نێو ماڵیش بێت.
دەینا سانتاس، راهێنەری جەستەیی لە ئەمریکا چەند رێگەیەک بۆ زیاتر جووڵە کردن و چالاکبوون لە ماڵەوە باس دەکات کە دەشێت هاوکار بن لە کێشڕێکی و کەمبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەکو؛
1- لەکاتی گەرمکردنەوەی خۆراکەکەت و چاوەڕوانیی گەرمکەرەوەکە، هەندێک سکوات squat بکە.
2- ئۆتۆمبێل دوور لە شوێنی دووکان، فرۆشگە و ئۆفیسی کارەکەت رابگرە، بۆ ئەوەی زیاتر بەپێ بڕۆیت.
3- باشترە بۆ شوێنە نزیکەکان لەبری ئۆتۆمبێل، بەپێ یاخود بە پایسکیل بچیت.
4- ئاسانسوار بەکارمەهێنە و لەبری ئەوە بەسەر پلیکانەکاندا سەر و خوار بکە.
5- لەکاتی قسەکردن بە مۆبایل، لەبری دانیشتن باشترە هەڵبستیتە سەر پێ و بە ژوورەکەدا پیاسە بکەیت.
6- لەکاتی سەیرکردنی فیلم یاخود بەرنامەیەکی دڵخوازت، بەدەم سەیرکردنەوە قورساییەک بەرز بکەرەوە یاخود سکوات بکە یانیش لەسەر ئامێری رۆیشتن بڕۆ.
7- مێزی کۆمپیوتەر بەرز بێت، بەجۆرێک بەپێوە بەکاری بهێنیت باشترە لەوەی کە بە دانیشتنەوە کۆمپیوتەر بەکاربهێنی.
8- کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنی کارەکەت لەگەڵ کارمەندان، با لە ژینگەیەکی کراوە یاخود بە رۆیشتنەوە بێت.
9- کاتێک دەچیت بۆ دووکان و خۆراک دەکڕیت، عەرەبانە بەکارمەهێنە و تاوەکو نێو ئۆتۆمبێلەکەت بە دەست زەرفەکان هەڵبگرە.
10- خێراتر کارەکانی ماڵەوە بکە، ئەگەر پێشووتر بە هێواشی گسکی کارەباییت داوە یان کەلوپەلی ژوورەکەت کۆکردووەتەوە، ئێستا خێراتر بیکە بۆ ئەوەی لێدانی دڵ زیاد ببێت و ماسوولکەکانیش پەستانیان بکەوێتە سەر.