رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە ویلایەتی کوینزلاندی ئوسترالیا زیاتر لە 30 ساڵە میوزیک بۆ رێکخستنەوەی لێدانی دڵی منداڵان بەکاردەهێنرێت.
جەید کارسن، دایکی منداڵێکە کە چارەسەری میوزیکی بۆ کراوە و دەڵێت، منداڵەکەی هەست بە خۆشی و ئارامی دەکات، بە ئاسانی خەوی لێدەکەوێت و میوزیک زۆر ئارامکەرەوەیە.
جەید ئەوەش باسدەکات، بە ژەنینی میوزیک، لێدانی دڵی رووبی کچی کەمدەبێتەوە و جێگیردەبێت.
ئەو منداڵانەی بەهۆی نەخۆشییەوە لێدانی دڵیان ناڕێکە یاخود دوای نەشتەرگەری لێدانی دڵیان ناڕێکدەبێت، میوزیکیان بۆ دەژەنرێت، د. جانێت کێنێڵی یەکەم کەس بووە کە ئەو بیرۆکەیەی لە نەخۆشخانەکە جێگیرکردووە.
د. جانێت کێنێڵی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: ''لەلایەن پزیشکان، پەرستاران و نەخۆشخانە جیاوازەکانی دیکەوە منداڵیان بۆدێت''.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی، میوزیک یارمەتیی هاوسەنگکردنی لێدانی دڵ و پەستانی خوێن دەدات و رێگەیەکی کاریگەرە بۆ ئارامیی دەروون.