نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر: نەشتەرگەرییەکانی شکان زۆرترینن
رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر ئامارەکانی ساڵی رابردووی نەخۆشخانەکە رادەگەیێنێت؛ دوو هەزار و 955 نەشتەرگەریی ئێسک و شکان کراون و ئەوە زۆرترینە.
بەگوێرەی ئامارەکانی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر، ساڵی رابردوو هەشت هەزار و 564 نەخۆش ماوەی زیاتر لە 24 کاژێر ماونەتەوە و خەوێنراون، لەو ژمارەیەش زۆرترین نەخۆش هی بەشی ئێسک و شکاوی بووە کە سێ هەزار و 29 کەسە، پاشانیش نەخۆشی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار بووە کە هەزار و 662 کەسە.
نەخۆشخانەکە ئاشکرای کردووە، ساڵی رابردوو 589 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەرامبەر بە ساڵی 2024 زیاترە کە 466 کەس بووە.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر یەکەمی هەموو نەخۆشخانەکانی هەولێرە
ئەنجامی راپرسییەکی دێسکی تەندروستیی رووداو ئاشکرای دەکات، نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان باشترینی ساڵی 2025 بوون، نەخۆشخانەی هیوا پلەی یەکەم و نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر و نەخۆشخانەی نانەکەلی پلەی دووەم و سێیەم.
لە ئەنجامی ئەم راپرسییەدا، نەخۆشخانەی هیوا پلەی یەکەمی بەدەستهێناو و 39٪ـی دەنگدەران دەنگیان بۆ دا، ئەمەش بووە باشترین نەخۆشخانەی ساڵی 2025، پلەی دووەمیش بە بەدەستهێنانی 34٪ـی دەنگەکان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بوو و لە پلەی سێیەمیش نەخۆشخانەی نانەکەلی دێت کە 10٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.