رووداو - تەندروستی
ئەنجامی راپرسییەکی دێسکی تەندروستیی رووداو ئاشکرای دەکات، نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان باشترینی ساڵی 2025 بوون، نەخۆشخانەی هیوا پلەی یەکەم و نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر پلەی دووەمیان بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ سێشەممە 6-1-2026 د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا و د. کاروان نانەکەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر میوانی بووڵتەنی تەندروستی بوون و جەختیان لەوە کردەوە، ئەنجامی راپرسییەکەی رووداو، بەڵگەی خزمەتکردنی چالاک و بەردەوامی کارمەند و پزیشکانی نەخۆشخانەکانیانە.
''بەدەستهێنانی پلەی یەکەممان لە ئاستی هەرێمی کوردستان بەڵگەی متمانەی نەخۆشەکانە''
د. یاد نەقشبەندی دەڵێت: نەخۆشخانەی هیوا خزمەت بە هەموو پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و راپرسییەکەی دێسکی تەندروستیی رووداو پەیامدار بوو، چونکە ئەوە بەڵگەی متمانەی نەخۆشەکانە''.
بەگوتەی د. یاد، یەکەم نەخۆشخانەی حکومی بوون لە ساڵی رابردوودا کە بەشی نەشتەرگەرییان کردەوە و لە ساڵی داهاتوودا بە نیازن نەخۆشخانەکە گەورەتر بکەن و کار بکەن بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە.
لە کۆتاییشدا د. یاد نەقشبەندی جەختی لەوە کردەوە، لەکاتی بوونی هەر نیشانەکانەیەکی گوماناویی شێرپەنجە، پشکنین بکرێت و بە زووترین کات کەسانی پسپۆڕ ببندرێن.
''راپرسییەکەی دێسکی تەندروستیی رووداو دەبێتە هاندەر بۆ نەخۆشخانەکان''
د. کاروان نانەکەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر رایگەیاند، شێوازی خزمەتکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر جیاوازە و هەموو کارمەندەکانمان لە خزمەتی نەخۆش و هاوەڵەکانیاندان.
بەگوتەی د. کاروان نانەکەلی، راپرسییەکەی دێسکی تەندروستیی رووداو دەبێتە هاندەر بۆ نەخۆشخانەکان، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات،ساڵی رابردوو راوێژکارییەکانی منداڵان و نەشتەرگەریی جوانکاری و رێککارییان کردووەتەوە و لەمەودوا نەخۆشخانەکە دەبێتە ناوەندێکی زانستی و ئەکادیمی بۆ پزیشکانی داهاتوو و نەخۆشخانەیەکی کاریگەر بۆ توێژینەوەی زانستی.
لە ئەنجامی ئەم راپرسییەدا، نەخۆشخانەی هیوا پلەی یەکەمی بەدەستهێناو و 39٪ـی دەنگدەران دەنگیان بۆ دا، ئەمەش بووە باشترین نەخۆشخانەی ساڵی 2025، پلەی دووەمیش بە بەدەستهێنانی 34٪ـی دەنگەکان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بوو و لە پلەی سێیەمیش نەخۆشخانەی نانەکەلی دێت کە 10٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ