د. بەختیار تاڵەبانی: هێندە گوشار نەخرێتە سەر قوتابییان کە وایان لێبکات دوودڵ بن لە وەڵامدانەوە
رووداو - تەندروستی
د. بەختیار کەمال تاڵەبانی دەڵێت: قوتابییانی پۆلی دوانزە لە تەمەنێکدان زۆرترین گۆڕانکاری لە دەروونیان روودەدات بەتایبەت گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ، هاوکات دەشڵێت: دایک و باوک هانی منداڵەکانیان بدەن لە بەدەستهێنانی نمرەی بەرز، نەک گوشاری دەروونیان بۆ دروست بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی حوزەیرانی 2024 د. بەختیار کەمال تاڵەبانی، مامۆستای زانکۆ لە بوولتەنی تەندروستیدا لەبارەی گوشاری دەروونیی قوتابییان لەکاتی تاقیکردنەوەکانیان رایگەیاند، نمرەی پۆلی دوانزە پەیوەست کراوە بە هەموو بوارەکانی ژیان و ئەمەش وایکردووە کە ببێتە بەشێک لەو هۆکارانەی گوشاری دەروونی لای خوێندکارانی پۆلی دوانزە دروستبکات.
د. بەختیار تاڵەبانی، مامۆستای زانکۆ دەڵێت: ''ئێستا بەدەستهێنانی نمرەی بەرز وەکو مەرجێک بۆ زۆر بواری جیاواز بەکاردێت تەنانەت وەکو مەرجێکی هاوسەرگیریش مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەجۆرێک کە ئەوەی نمرەی بەرزبێت ئاسانتر ماڵی هاوژینەکەی رازی دەبن بە هاوسەرگیرییەکە''.
لە بەشێکی قسەکانیدا تاڵەبانی گوتی، قوتابییانی پۆلی 12 لە قۆناخێکی هەستیاری گۆڕانکارییە فیسیۆلۆژی و جەستەییەکانن لەگەڵ ئەو گوشارەی کە لەلایەن ماڵباتەکانیان دەخرێتە سەریان بۆ بەدەستهێنانی نمرەی بەرز وایان لێدەکات کە تووشی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێی زۆر بن.
تەنانەت ئەوەش رووندەکاتەوە، ئەگەر قوتابییەک لە قۆناخەکانی پێشوودا نمرەی باش بووبێت، ئەوا لە پۆلی 12 دەشێت بەهۆی ئەو گوشار و دڵەڕاوکێیەی تووشی دەبێت، ئاستی داببەزێت.
د. بەختیار تاڵەبانی لەبارەی پاڵنەرەکانی خۆهێشتنەوە بۆ خولی دووەم یاخود ساڵی دووەمی خوێندنی پۆلی 12 چەند خاڵێک باسدەکات وەکو؛
- کاریگەریی باوان و هاوڕێی قوتابییەکە.
- هاوتایی وەرگرتنی نمرەی زانکۆ و پەیمانگەکان لەنێوان قوتابییەک کە بە یەک ساڵ پۆلی 12 ببڕێت بەراورد بە خوێندکارێک کە بە دوو ساڵ تەواوی بکات.
- دانانی خولیا و ئاواتی گەورە کە هاوتای هەوڵ و نمرەکانی نەبێت لەنێو تاقیکردنەوە.
- جەختکردنەوە لەسەر یەک کۆلێژ و بەشی دیاریکراو لە لایەن ماڵباتی قوتابییەکە و گوشار خستنە سەری بۆ بەدەستهێنانی.
پسپۆڕەکە رێنوێنیی دایباب و قوتابییان دەکات، لە تاقیکردنەوەکاندا ئەم رێنوێنییانە جێبەجێبکەن؛
1- دابینکردن و رەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ قوتابی.
2- دوورکەوتنەوە و باسنەکردنی کێشە خێزانییەکان.
3- بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان زۆر کەمبکرێنەوە یاخود بەکارنەهێندرێن.
4- میوانداری، گەشت و کۆبوونەوەی خێزانی لەماوەی تاقیکردنەوەکاندا نەبن و کەمبکرێنەوە.
5- لێپرسینەوەی بەردەوام لەلایەن دایک و باوکی قوتابی نەبێت.
6- دایک و باوک منداڵ بەراورد نەکات بە منداڵی دیکە، ''چونکە دەشێت دایک و باوکێک منداڵەکەیان بەزۆر بنێرن بۆ کۆلێژی پزیشکی و کەسێکی سەرکەوتووی لێدەرنەچێت''.
7- بایەخدان بە خۆراکی تەندروست و شێوازی ژیانی رێک.
8- کورتە چوونە دەرەوەی ناوە ناوە بۆ پاڕکێک یاخود شوێنێک ''تاوەکو قوتابییەکە دەروونی ئارامببێتەوە و هەست بە نوێبوونەوە بکات و بێزاریی خوێندنەکەی کەمببێتەوە''.
مامۆستاکەی زانکۆ پێی باشە دەرچووانی پۆلی 11 هاوینان بەشداری لە خولی پۆلی 12 بکەن و بە کەمی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە هاویندا بەکاربهێنن.