خانەنشینان لەبارەی پەستانی خوێنیان؛ خەم نەخۆی، پەستانی خوێن بەرز نابێتەوە
رووداو - تەندروستی
رووداو لەبارەی چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ پەستانی خوێن لە چەند خانەنشینێکی هەولێر پرسیوە و یەکێکیان دەڵێت: پەستانی خوێنمان زیاد دەبێت، چونکە وەختی خۆی پارێزمان نەکردووە و شیرینیمان زۆر خواردووە.
ناهیدە رەئووف، خانەنشین دەڵێت: باوکم لە تەمەنی 100 ساڵیدا مرد، هەموو رۆژێک وەرزشی دەکرد و تووری دەخوارد، هیچ نەخۆشییەکیشی نەبوو.
ئەبوبەکر عومەر یەکێکی دیکەیە و جەخت لە بایەخی لێپیچینەوە لە نەخۆشییەکان دەکات و دەڵێت: پەستانی خوێنم بەرز بوو و دکتۆر پێی گوتم، دەبێت پارێز بکەیت، بەگوێم کرد و ئێستا زۆر باشم.
بەساڵاچوویەکی دیکەش گوتی، ''پەستانی خوێنمان بەرز دەبێتەوە، چونکە وەختی خۆی پارێزمان نەکردووە و شیرینیمان زۆر خواردووە''.
عومەر دەروێش، خانەنشینێکی دیکەیە و بەگوتەی خۆی، ''خەم نەخۆی، پەستانی خوێن بەرز نابێتەوە''
پیاوێکی بەساڵاچووی دیکە زۆر جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ دەبێت خۆی پزیشکی خۆی بێت و بزانێت کە چۆن ژیانێکی تەندروستی دەبێت. هەر بۆیە دەڵێت: ''مرۆڤ دەبێت خۆی دکتۆری خۆی بێت''.
کۆمەڵەی پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا چۆنیەتیی پێوانەکردنی پەستانی خوێن بە دروستی روون دەکاتەوە؛
لەکاتی پێوانەکردنەکە؛
قسە مەکە و مەترسێ، باشترە دوو جار پێوانەکە تۆمار بکەیت بۆ دڵنیابوونەوە، بەڵام هەر جارێکیان چەند خولەکێکی لەنێوان بێت
شێوەی دانیشتن گونجاو بێت؛
پاڵبدەرەوە بە کورسییەکە، قاچ مەخەرە سەر قاچ و با قاچەکان لە زەویدا بن، ئەو دەستەی پێوانەکەی لێدەکرێت لەسەر مێزێک دابنرێت و پەستانی نەکەوێتە سەر
شوێنی دانانی ئامێرەکە؛
بەستەری ئامێرەکە لە سەروو چەمانەوەی ئانیشکەوە بێت، بە باشی ببەسترێت و نابێت لەسەر جلوبەرگەوە ببەسترێت
پێش ئەوەی پێوانەکردنە بکەیت؛
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ مەکێشە
- چا، کحول، قاوە و خواردنەوە وزەبەخشەکان مەخۆرەوە
- وەرزش مەکە
- میزەڵدانت بەتاڵ بکەرەوە
- ماوەی پێنج خولەک بحەسێرەوە