مامۆستایانی بەریتانیا داوای قەدەخەکردنی سۆشیاڵ میدیا لە خوار 16 ساڵییەوە دەکەن

رووداو - تەندروستی

سەندیکای مامۆستایانی بەریتانیا داوا لە حکومەتی وڵاتەکە دەکات، سۆشیاڵ میدیا بۆ منداڵ و نەوجەوانانی خوار 16 ساڵ قەدەخە بکات.
 
سەندیکای مامۆستایانی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، ئامانجیانە سەرنج و چالاکیی خوێندکارانیان زیاد بکەن، ئەمەش بە دوورکەوتنەوە لە سۆشیاڵ میدیا و قەدەخەکردنی.
 
مات وارویک، سەرۆکی سەندیکاکە دەڵێت: پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیاکان بۆ منداڵان دانەنراون و کاریگەریی نەرێنی زۆر لەسەر دەروونییان دەبێت.
 
ئەم داوایەی سەندیکاکە دوای ئەنجامی راپرسییەک هات کە لەسەر پێنج هەزار و 800 مامۆستا کرا و دەرکەوت، 81٪ـی مامۆستایان تێبینی ئەوەیان کردووە، قوتابییەکانیان تووندوتیژ بوون و هۆکارەکەشیان گەڕاندووەتەوە بۆ خراپبەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیاکان.
 
مات وارویک، سەرۆکی سەندیکاکە دەشڵێت، ''داوا لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا دەکەین، رێگری بکەن لە چوونەژوورەوەی منداڵ بۆ نێو پلاتفۆڕمەکانیان، بەتایبەت لە بابەتە تووندوتیژی و ئازاربەخشەکان''.
 
ئوسترالیا قەدەخەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵان دەخاتە واری جێبەجێکردن
 
ئوسترالیا بووە یەکەم وڵات لە جیهاندا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەخە بکات و دەستگەیشتن بە ئەپەکانی تایبەت بە سۆشیال میدیایان لەسەر رابگرێت.
 
ئەم هەنگاوە لەلایەن زۆرێک لە دایک و باوکان و داکۆکیکارانی مافەکانی منداڵانەوە پێشوازیی لێکرا، بەڵام لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیا و داکۆکیکارانی ئازادیی رادەربڕینەوە رەخنەی لێ گیرا.
 
راپۆرتێک ببینە