رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە ئوسترالیا بووە یەکەم وڵات لە جیهاندا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ قەدەخە بکات و دەستگەیشتن بە ئەپەکانی تایبەت بە سۆشیال میدیایان لەسەر رابگرێت.
ئەم هەنگاوە لەلایەن زۆرێک لە دایک و باوکان و داکۆکیکارانی مافەکانی منداڵانەوە پێشوازیی لێکرا، بەڵام لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیا و داکۆکیکارانی ئازادیی رادەربڕینەوە رەخنەی لێ گیرا.
لە کاژێر 12:00ی شەوی سێشەممەوە بە کاتی ئوسترالیا، فەرمان بە 10 پلاتفۆرمی گەورەی بواری سۆشیال میدیا، لەنێویاندا تیکتۆک، یوتیوبی ئەلفابێت، ئینستاگرام و فەیسبووک، کرا کە دەبێت رێگری لە منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵان بکەن بەرنامەکانیان بەکاربهێنن، یان رووبەڕووی نزیکەی 50 ملیۆن دۆلاری ئوسترالی سزا دەبنەوە، کە ئەو بڕە دەکاتە 33 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ئەو یاسا نوێیەی بە "رۆژێکی شانازی" بۆ کۆمەڵگەی ئوسترالی ناوبرد، یاساکەی وەک بەڵگەیەک وەسف کرد کە لە رێگەیەوە دەسەڵاتداران دەتوانن زیانەکانی پەیوەست بە ئینتەرنێت سنووردار بکەن.
ئەلبانیزی رۆژی سێشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئەمە جیاوازییەکی گەورە دروست دەکات. یەکێکە لە گەورەترین گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان کە وڵاتەکەمان رووبەڕووی بووەتەوە. چاکسازییەکی قووڵە کە کاردانەوەیەکی گەورە لە جیهاندا دروست دەکات."
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا و بەر لە دەستپێکردنی پشووی هاوینەی قوتابخانەکان لە کۆتایی ئەم مانگەدا، ئەلبانیزی هانی منداڵانی ئوسترالیا دا "دەست بە وەرزشێکی نوێ یان ئامێرێکی مۆسیقای نوێ بکەن، یان ئەو کتێبە بخوێننەوە کە ماوەیەکە لەسەر رەفەی ژوورەکەتان ماوەتەوە و بەهۆی سۆشیال میدیاوە دەرفەتی خوێندنەوەیت نەبووە."
لە دوا کاژێرەکانی پێش ئەوەی یاساکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، زۆرێک لەو یەک ملیۆن منداڵەی بەپێی خەمڵاندنەکان یاساکە دەیانگرێتەوە، دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی پەیامی ماڵئاوایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
هەرزەکارێک لە تیکتۆک نووسیویەتی، "ئیدی سۆشیاڵ میدیا نامێنێت! پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە نامێنێت."
یەکێکی دیکە نووسیویەتی، "#کاتێک_تەمەنم_بوو_بە_16_ساڵ_دەتبینمەوە."
ئەم جێبەجێکردنە کۆتایی بە ساڵێک مشتومڕ دەهێنێت سەبارەت بەوەی ئایا هیچ وڵاتێک دەتوانێت بە کردەیی رێگری لە منداڵان بکات لە بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆرمانەی تێکەڵ بە ژیانی رۆژانەیان بووە.
حکومەتی ئوسترالیا ئەم یاسا مێژووییەی بە پشتبەستن بە توێژینەوەکان لەبارەی زیانەکانی سەر تەندروستیی دەروونیی منداڵان بەهۆی بەکارهێنانی زۆری سۆشیاڵ میدیا پێشنیاز کرد. توێژینەوەکان فراوانبوونی دیاردەکانی تووندوتیژیی لەنێو هەرزەکاراندا گەڕاندووەتەوە بۆ بەکارهێنانی زۆری سۆشیاڵ میدیا.
چەندین وڵات، لەوانە دانیمارک، نیوزیلاند و مالیزیا ئاماژەیان بەوە کردووە، رەنگە لێکۆڵینەوە لە مۆدێلەکەی ئوسترالیا بکەن یان کۆپیی بکەن و ئەوانیش هەمان رێگە بگرنەبەر، ئەمەش وڵاتەکە دەکاتە نموونەیەکی تاقیکاری بۆئەوەی بزانرێت حکومەتەکان تاوەکو چەند دەتوانن سنووری تەمەن دابنێن بەبێ ئەوەی ئازادیی رادەربڕین یان داهێنان خاو بکەنەوە.
جولی ئینمان گرانت، کۆمیساری سەلامەتیی ئەلیکترۆنیی ئوسترالیا و سەرپەرشتیاری قەدەخەکردنەکە، رایگەیاند، شەپۆلێک لە دایک و باوکانی ئەمریکی خوازیاری رێوشوێنی هاوشێوەن، "لە دایک و باوکان، چالاکوانان و خەڵکی ئاسایی ئەمریکام بیستووە و هیواخوازن ئەوانیش لە ئەمریکا کۆمیسارێکی سەلامەتیی ئەلیکترۆنیی وەک ئێمەیان هەبووایە."
ئەو بڕیارەی حکومەتی ئوسترالیا 10 پلاتفۆرمە سەرەکییەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایتییەکان دەگرێتەوە، کە بریتین لە: فەیسبووک، ئینستاگرام، تیکتۆک، ئێکس، سناپ چات، یوتیوب، رێدیت، تویچ، کیک و ترێدس.
کۆمپانیاکان بە حکومەتی ئوسترالی-یان راگەیاندووە، تێکەڵەیەک لە تەکنیکەکان بەکاردەهێنن، بۆ پشتڕاستکردنەوەی تەمەنی بەکارهێنەرەکان، ئەمەش لە رێگەی خەمڵاندنی تەمەن لەسەر بنەمای وێنەی سێڵفی، لەگەڵ داواکردنی بەڵگەنامەی فەرمیی دەوڵەت، ناسنامە یان زانیاریی هەژماری بانکی.
حکومەتی ئوسترالیا رایگەیاندووە، پێش ئەوەی قەدەخەکردنەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، 86%ی ئوسترالییەکان کە تەمەنیان لە 8 بۆ 15 ساڵان دەبێت، سۆشیاڵ میدیایان بەکارهێناوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە گەنجانی ئوسترالیا هۆشدارییان داوە کە قەدەخەکردنی سۆشیاڵ میدیا مەترسیی هەیە ببێتە هۆی گۆشەگیرکردنی زیاتری خەڵک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ