سەندیکای کارمەندانی تەندروستی: تائێستا پەرستاران وەکو سەربازی ون کار دەکەن

رووداو - تەندروستی

سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، نەبوونی نازناوی پیشەیی یەکێکە لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی پەرستاران، چونکە ئەو نازناوە وەکو پێویست لە سیستمی تەندروستیدا جێبەجێ نەکراوە.
 
لە کۆبوونەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتیی تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان، جەبار محەممەد، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو رایگەیاند، ''بەداخەوە پەرستاران بەپێی پێویست لەنێو کەرتی تەندروستیدا بایەخیان پێنەدراوە و تاوەکو ئێستا وەکو سەربازی ون کار دەکەن''.
 
جەبار محەممەد دەڵێت: پڕۆژەمان هەیە هەلی کار لە کەرتی تایبەت بۆ پەرستاران بدۆزینەوە، بەجۆرێک هەر نەخۆشخانەیەکی ئەهلی دەبێت 70٪ـی کارمەندەکانی لە دانەمەزراوەکان بن و 30٪ـی دامەزراو بن.
 
جەبار محەممەد لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا کۆمەڵێک کێشەی پەرستارانی خستەڕوو لەنێو لووتکەی تەندروستیی کوردستان لە ساڵی رابردوو.
 
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی پەرستارانە و بەپێی بەدواداچوونێکی دێسکی تەندروستیی رووداو، پەرستاران 58٪ـی کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە جیهاندا 29 ملیۆن پەرستار و 2.2 ملیۆن پەرستاری مامانی هەن، هەروەها رێکخراوەکە پێشبینی دەکات تاوەکو پێنج ساڵی دیکە 4.5 ملیۆن پەرستار کورتهێنان هەبێت.