رووداو - تەندروستی
سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی رایدەگەیێنێت، حکومەت لەبری دامەزراندنی خوێندکاری بەشە پزیشکییەکان، بە خۆبەخش وەریان دەگرێت، ''بەڵام کەرتی تەندروستی بە خۆبەخش ناڕوات بەڕێوە''.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەنێو لووتکەی تەندروستیی کوردستان جەبار محەممەد، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: نەبوونی پلانی ستراتیژیی لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستی هۆکارێکی کێشەکانی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانە.
جەبار محەممەد، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی دەشڵێت: ''خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان جگە لە پزیشکی گشتی، ئێستا لە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش کاریان دەستناکەوێت و ساڵانی زۆر بەبێ کار دەمێننەوە کە ئەمەش وادەکات زانستەکەیان بیربچێتەوە و ئەوەی خوێندوویانە نەتوانن بە کردەیی ئەنجامی بدەن''.
جەبار محەممەد گوتی، ساڵانە دوو هەزار و 500 دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگە حکومییەکانی پزیشكی هەن و هیچ چاودێریەک لە کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەی خوێندکاران نییە، بەمەش دەستی کار زیاددەبێت و هەلی کار کەمدەبێتەوە.
تەنانەت سەرۆکی سەندیکاکە روونی دەکاتەوە، هەندێک کۆلێژ هەیە پێویستە ساڵانە 120 خوێندکاری تێدا وەربگیرێن، بەڵام 250 خوێندکار وەرگیراون، بەمەش کوالێتیی فێربوون و وانەگوتنەوەش کەمبدەبێتەوە.
جەبار محەممەد ئاماژە بە خۆبەخشەکان دەکات و دەڵێت: وەزارەتی تەندروستی لەبری ئەوەی دەرچووەکان دابمەزرێنێت، خۆبەخشییان پێدەکات تاوەکو ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە کەمیی کارمەند هەیە پڕببێتەوە، هاوکات دەشڵێت: '' کەرتی تەندروستی بە خۆبەش ناڕوات بەڕێوە، چونکە بەرپرسیارێتی و پەبەندبوونی یاسایی لەسەر نییە و پێویستە بکرێن بە گرێبەست یاخود دابمەزرێن''.
لەبارەی رۆڵی پەرستاری لەنێو کەرتی تەندروستیدا جەبار محەممەد گوتی، ''پەرستاری پیشەیەکی پیرۆزە و بووەتە هاوڕێیەکی نزیکی هەر نەخۆشێک، بەڵام بەداخەوە تەنیا لە هەرێمی کوردستان پشتگوێخراوە و بەرامبەر بە ئەرک و ماندووبوونی پەرستاران، بایەخێکی ئەوتۆیان پێنەدراوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ