هەزاران شیری قوتوو 'بەهۆی ژەهراویبوونیانەوە' لە بازاڕەکانی ئەمریکادا دەکشێندرێنەوە

12-11-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی بەکتریایی، کۆمپانیای ByHeartـی ئەمریکی هەموو شیرەکانی تایبەت بە منداڵانی ساوا لە سەرانسەری ئەمریکادا دەکشێنێتەوە.
 
کۆمپانیای ByHeart، کە بەرهەمهێنەری شیری وشکی منداڵانی ساوایە رایدەگەیێنێت، هەموو بەرهەمەکانی لە سەرانسەری ئەمریکا دەکشێنێتەوە، ئەمەش دوای تۆمارکردنی چەند تووشبوویەکی بەکتریای بۆتۆڵینیوم (Botulinium) لەو منداڵانەی کە شیرەکەیان بەکارهێناوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی تەندروستیی فیدراڵی و ویلایەتەکان، لەماوەی دوو مانگی رابردوودا لانیکەم 15 منداڵی ساوا بەو بەکتریایە نەخۆش کەوتوون و چەندین حاڵەتی دیکەش لەژێر لێکۆڵینەوەدان. هەموو ئەو ساوایانەش دوای خواردنی شیری ByHeart لە نەخۆشخانە خەوێندراون، بەڵام هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.
 
بەپێی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە، مانگانە 200 هەزار قوتووی شیری وشک لەڕێگەی ئۆنڵاین و فرۆشگەکانەوە دەفرۆشرێن و ئێستا لە قۆناخی کشانەوەی هەموو بەرهەمەکانیدایە، هەرچەندە بەگوتەی خۆیان، FDA و CDC هیچ بەکتریا و ژەهرێکیان لەنێو شیرەکە نەدۆزیوەتەوە، بەڵام تەنیا ئاگادار کراونەتەوە لەوەی، بەکارهێنەرانی شیرەکە تووشی نەخۆشیی بۆتۆڵینیۆم بوون بەهۆی سپۆڕ و بەکتریای Clostridium Botulinum.
 
بەرپرسانی تەندروستیی کالیفۆرنیا ئاشکرایان کردووە، لەنێو نموونەی ئەو شیرەی کە ساوایەکی تووشبوو خواردبووی، بەکتریاکەیان دۆزیبووەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە