توێژینەوەیەک: رێژیمی کیتۆ چارەسەرییەکانی شێرپەنجە باشتردەکات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن کۆمەڵەی پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی خوێن لە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرا، ئاشکرای دەکات؛ رێژیمی کیتۆ دەشێت چارەسەرییەکانی شێرپەنجە باشتربکات.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی پێنسیلڤانیا کرا و دەرکەوت، ئەو چارەسەرییانەی شێرپەنجە کە بۆ بەرزکردنەوەی بەرگریی جەستەی تووشبووانە، دەشێت لەو نەخۆشانەی کە کیتۆیان کردووە باشتربێت و زووتریش چاکیان بکاتەوە.
 
چارەسەر بە بەرزکردنەوەی بەرگریی جەستە ئەوەیە کە هەمان خانەکانی بەرگریی جەستەی نەخۆشەکە لە تاقیگەدا گۆڕانکارییان پێدەکرێت و دووبارە دەخرێنەوە جەستەی کەسی تووشبوو، بۆ ئەوەی هێرشبکەنە سەر خانەی شێرپەنجەکان و بیانکوژن.
 
توێژینەوەکە تیۆرییە و تەنیا لەسەر ئاژەڵ تاقیکراوەتەوە، شان لیو، نووسەری توێژینەوەکەیە و دەڵێت، پەیڕەوانی رێژیمی کیتۆ لەبەر ئەوەی بڕی شەکر کەمدەکەنەوە یاخود نایخۆن، ئەوا بەرگرییە خانەکانیان چالاکتر دەبێت و بەمەش باشتر رووبەڕووی خانە شێرپەنجەییەکان دەبنەوە.
 
پسپۆڕێک هۆشداریدەداتە پەیڕەوانی رێژیمی کیتۆ، پسپۆڕێکی دیکەش دەڵێت: مەرج نییە هەموو کەسێک سوود لە رێژیمی کیتۆ وەربگرێت.