رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە نەمسا دەریدەخات، کەمیی ڤیتامین D هۆکارێکی مردنی پێشوەختەیە و خۆر سەرچاوەی سەرەکیی بەدەستهێنانی ڤیتامین Dـیە.
تویژینەوەکە لە زانکۆی ڤییەننا کراوە و 78 هەزار کەس تیایدا بەشدارییان کرد و دەرکەوت، کەمیی ئاستی ڤیتامین D لە خوێندا، مەترسیی گیانلەدەستدان یاخود مردنی پێشوەختە زیاددەکات.
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: کەمیی ڤیتامین D هۆکارێکی لاوازبوونی فەرمانەکانی مێشکە و ئەوانەشی کە جەڵتەی دڵ لێیان دەدات، ئەگەر ڤیتامین Dـیان کەمبێت، ئەوا مەترسیی گیانلەدەستدانیان زۆرە، هاوکات هۆکاری زیادبوونی مەترسییەکەی لە وەرزی زستاندا بۆ ئەوەش گەڕاندەوە کە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لە وەرزە ساردەکاندا زۆردەبێت.
کۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ خۆراک پێشنیاری ئەوە دەکات، رۆژانە لە نێوان کاژێر 12:00 تاوەکو 15:00 بۆ ماوەی پێنج بۆ 25 خولەک دەموچاو، دەست، قۆڵ و قاچەکان بخرێنە بەرخۆر، بەڵام بەپێی جۆری پێست و کاتەکانی ساڵ ماوەی بەرکەوتن بە تیشکی خۆر دەگۆڕێت.
تەنانەت کۆمەڵەکە دەڵێت: سوود لە تەواوکەرە خۆراکییەکانی ڤیتامینەکەش وەربگیرێت و لەژێر راوێژی پزیشکدا دەنکۆڵەی تەواوکەرە خۆراکییەکان بەکاربێن.
بە گوێرەی مایۆکلینیک، خۆر، شیر، زەردێنەی هێلکە، قارچک، ماسی و دانەوێڵە سەرچاوەی سەرەکین بۆ بەدەستهێنانی ڤیتامین D.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ