پزیشکێک: کۆرپەلە لەڕووی ئایینی و زانستییەوە پێش بینین، دەبیستێت

رووداو - تەندروستی

پزیشک و خوێندکارێکی بۆردی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ روونی دەکاتەوە، کۆرپەلە لەوکاتەی لەناو منداڵدانی دایکی دایە و لەدایکنەبووە دەتوانێت گوێبیستی دەنگەکان بێت، ئەمە بە زانستی و ئایینی سەلمێندراوە.
 
دکتۆر شاهۆ حەوێزی، پزیشک و خوێندکاری بۆردی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ بە رووداوی راگەیاند، هاوتا لەگەڵ پسپۆڕییەکەم، ویستم راستییەک دەربخەم کە هەم لەڕووی ئایینییەوە دروستە و هەمیش لەڕووی زانستی پزیشکییەوە باس کراوە.
 
ئەو پزیشکە ئەم سەرچاوانەی خوارەوە باس دەکات بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەی کە دەڵێت؛ ''کۆرپەلە لەڕووی ئایینی و زانستییەوە پێش بینین، دەبیستێت''.
 
1- لە کتێبی زانستیی پزیشکی هاتووە کە 3 ئێسکی گوێی ناوەوە ear ossicles کە بچووکترین ئێسکی جەستەی مرۆڤن لە مانگی چوارەمی کۆرپەلەییدا و لەنێوان هەفتەی 15 بۆ 20 کردەی بوون بە ئێسک تەواو دەکەن، ئەمەش وەکو (یەکەم ئێسکی جەستەی مرۆڤ ئەم کردارە تەواو دەکەن).
 
2- هەر لە هەمان کتێب ئاماژە بەوە کراوە، (دەزگای لوولپێچ - cochlea) کە ئەندامی سەرەکیی بیستنە لەنێو گوێی ناوەوە لە هەفتەی (20)ـەمی دووگیانیدا دروست دەبێت و کۆرپەلە دەتوانێ گوێبیستی دەنگەکان بێت لە دنیای دەرەوە (بێگومان بەو شێوە و چۆنیەتییەی خودا دەیزانێ).
 
3- لە شوێنێکی دیکە و کتێبێکی دیکەی زانستیی پزیشکیدا باسی دروستبوونی چاو و هەستی بینین دەکات و ئاماژە بەوە دەکرێت: کۆرپەلە بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 27-31 هەفتەی دووگیانیدا چاوی دەکاتەوە و بیلبیلەی چاوەکان گرژ و فراوان دەبن و رووناکی دەناسنەوە.
 
4- ئەگەرچی نامۆ نییە، بەڵام دڵخۆشی و سەرسووڕمانەکە لەوەدایە، لە کتێبی قورئانی پیرۆزدا لە زۆر شوێن هاتووە کەوا (بیستن پێش بینین خولقێنراوە) هەروەکو لە سووڕەتی ( النحل ئایەتی 78)دا هاتووە: { وَٱللَّهُ أَخْرَجَكُم مِنْ بُطُونِ أُمَّهَٰتِكُمْ لَا تَعْلَمُونَ شَيْئَا وَجَعَلَ لَكُمُ السَّمْعَ وَٱلْأَبْصَرَ وَٱلْأَفئدَةَ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ}؛ دەبینین وشەی (السمع-بیستن) پێش وشەی (الأبصر - بینین) هاتووە کە ئەمەش بێگومان یەکێکی دیکە لە ئاماژە سەرسووڕهێنەرەکانی قورئانی پیرۆزە.
 
بۆ سەرچاوەی قسەکانیشی ئاماژە بەمانەی خوارەوە دەکات؛
 
⁃ قورئانی پیرۆز 
⁃ کتێبی زانستیی پزیشکی نەخۆشی و نەشتەرگەریی قورگ، لووت و گوێ Sakshi Arora Hans
⁃ کتێبی زانستیی دروستبوون و گەشەکردنی کۆرپەلە 
⁃ embryology - Moore, Persaud & Torchia