پسپۆڕێک: نەخۆشییەکانی دەم و ددان لەنێو منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت زۆرن
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دەم و ددانی منداڵان و خاوەن پێداویستیی تایبەت رایدەگەیێنێت: منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت زۆرجار بە هەڵە لێیان تێدەگەین، ئەوان نەخۆش نین، بەڵام پێویستیان بە پشتگیری هەیە. هەر منداڵێک پێویستە تەندروست بێت، بەڵام منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت پێویستیان بە چەند رێکارێک هەیە بۆ ئەوەی تەندروست بن.
مەبەست لە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەوانەن کە دەشێت دووچاری نەخۆشیی دەروونی، ناڕێکیی جەستەیی، ناڕێکیی گەشە و ئۆتیزم و داون سیندرەم و فرەجووڵەیی بووبن.
د. یارە ئیسماعیل بەقاڵ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددانی منداڵان و خاوەن پێداویستیی تایبەت بە رووداوی راگەیاند، نەخۆشییەکانی دەم و ددان رێژەیان زۆرترە لەنێو منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت چونکە؛
1- توانای پاکڕاگرتنی دەم و ددانیان نییە.
2- خۆراکەکانیان زۆرینەی ناتەندروستن کە دەبنە هۆی کلۆربوونی ددانەکانیان.
3- توانای دەرخستنی ئازار و کێشەکانی دەمیان نییە، چونکە توانای پەیوەندیی تەواویان نییە.
ئەم رێگەیانەش پێشنیاز دەکات کە چۆن دەتواندرێت ئەم منداڵانە چارەسەر بکرێن؟
- رەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ هێورکردنەوەی دەروونی منداڵان لەنێو کلینیک.
- بەکارهێنانی گازی پێکەنین NO2.
- چارەسەری لەژێر سڕکردنی جەستە CS.
- چارەسەری لەژێر سڕکردنی گشتی GA.
لە کۆتاییدا گوتی، ''کۆنتڕۆڵکردنی تەندروستیی دەم و ددانی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت پێویستە ئەرکی ماڵبات و پزیشکی ددانە کە بەرپرسیارێتییان هەبێت بەرامبەر چاودێریکردنی منداڵان بەتایبەت لە تەمەنی 5 ساڵی یەکەمدا''.