لە هەولێر نەشتەرگەرییەکی ورد بۆ کێشەیەکی سکماکیی منداڵێکی 3 رۆژە کرا
رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان رایدەگەیێنێت، ستافی پزیشکانیان نەشتگەرگەرییەکی وردی سکماکییان بۆ منداڵێکی سێ رۆژە کردووە کە کێشەیەکی جیدیی سکماکیی هەبووە. ئەو پزیشکەی بەشداربووە لە نەشتەرگەرییەکە دەڵێت: ئەو منداڵە میزڵدانی بە سکماکی لە دەرەوە دروستبووبوو کە حاڵەتێکە پێی دەگوترێت (Bladder exstrophy).
ئەمڕۆ سێشەممە 14-4-2026 د. بەیار عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ لە منداڵان کە یەکێک بووە لە پزیشکانی ستافی نەشتەرگەرییەکە بە رووداوی راگەیاند، ئەو منداڵە لە رەگەزی کوڕە و لەدوای لەدایکبوونی زانراوە کە ئەو کێشەیەی هەیە، هەفتەی رابردوو نەشتەرگەرییەکی چوار کاژێری بۆ کرا، ئێستا تەندروستە و رەوانەی ماڵەوە کراوە.
تیمی پسپۆڕانی نەشتەرگەر لە د. بەیار عەبدوڵڵا، د. لەیس عەبدولباسیت، د. هێمن سەعید پێکهاتووە و د. بەیار عەبدوڵڵا روونی دەکاتەوە کە ئەو حاڵەتەکە زیاتر لە کوڕاندا باوە و هۆکارەکەشی نادیارە و بۆ کۆمەڵێک هۆ و لێکەوتەی جیاواز دەگەڕێتەوە.
لە کۆتاییدا گوتیشی: زۆرجار بە سۆنەر دەردەکەوێت کە کۆرپەلەکە ئەم دۆخەی هەیە یاخود نا، بۆیە پێویستە خانمان لەماوەی دووگیانیدا لەژێر چاودێریی پزیشکدا بن و هەمیشە بایەخ بە پشکنینەکانی خۆیان و کۆرپەلەکەیان بدەن، تاوەکو لە ئەگەری هەر ناڕێکییەک، چارەسەری ئاسان بێت.