مووچەی منداڵانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان نیوەی مووچەی منداڵانی ئۆتیزمی عێراقە

14-09-2023
هۆرڤان رەفعەت
لە سلێمانی کۆنفرانسی نیشتمانیی ئۆتیزم لە عێراق بەڕێوەچوو
لە سلێمانی کۆنفرانسی نیشتمانیی ئۆتیزم لە عێراق بەڕێوەچوو
A+ A-
 
رووداو – سلێمانی

دەزگای مێرگ بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی میوانداریی کەسوکاری ئۆتیزم و بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی بۆ کۆنفرانسێک کرد دەربارەی گرفتی ئۆتیزمەکان و خێزانەکانیان. کۆنفرانسێکی لەو شێوەیەی تایبەت بە ئۆتیزم لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکەمجارە بەڕێوەدەچێت.
 
هێمن خەسرەو، سەرۆکی دامەزراوەی مێرگ بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی بە رووداوی گوت، "ئیشی ئەو کۆنفرانسە ئەوەیە کە چۆن بتوانین، گوتار و تێڕوانینمان دەربارەی تەندروستیی دەروونی، بەتایبەتییش تەندروستیی دەروون ئۆتیزمەکان بە شێوەیەکی دیکە پێشکێشی بکەین و قسەی لەسەر بکەین."
 
عەتا محەممەد، نوێنەری قوباد تاڵەبانی لە کۆنفرانسەکەدا بە رووداوی گوت، "کەیسەکە بە نیسبەت ئێمە و بەغداوە یەکە، مادام ئێمە دەچینە چوارچێوەی یاسایەکی بودجەی یەکگرتووەوە، کەواتە دەبێت ئێمە پاڵپشتیی پێداویستی و بودجە بۆ سەرتاسەری عێراق لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە وەکو یەک وابێت، بۆیە ئەم کۆنفرانسە ئەمڕۆ هەموو لایەنە جیاوازەکانی کۆکردووەتەوە."
 
یەکێک لەو گرفتە گەورانەی لەم کۆنفرانسە وەزارەتی پەروەردەی بۆ بانگهێشت کراوە، کەم وەرگرتنی ئەو ئۆتیزمانەیە کە لە سەنتەرەکانی ئۆتیزم دوای شیاندنەوە و راهێنان دەنێردرێنەوە بۆ خوێندن.
 
نەجمەدین عەلی، راوێژکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێویستە هەر منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت (ئۆتیزمەکان) بەتایبەتتر، مامۆستایەکی پەروەردەی تایبەتی هەبێت، کە دەبێت چاودێریی بکات و ئەگەر پێویستیشی کرد لەکاتی وانەکان لەگەڵی بێت و ئاگاداریشی بێت لەناو پۆل تاوەکو رێنوێنیی بکات، کە بزانێت لەگەڵ هاوپۆلەکانی چۆن مامەڵە بکات و بەردەوام بێت."
 
دکتۆر خلود ئەحمەد، نوێنەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "وەکو وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق گەشتووینەتە رێککەوتن لە چوارچێوەیەکدا پێکەوە خزمەت و هاوکاریی خوێندکارانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بکەین، ئێستا پەروەردە دەرگای 3100 قوتابخانەی بەڕووی ئۆتیزمەکاندا کردووەتەوە تاوەکو بتوانن بخوێنن."
 
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داوای بودجەی زیاتر لە عێراق و زیادکردنی پسپۆڕییەکانی چارەسەرسازی ئۆتیزم دەکەن.
 
دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئێمە بەرنامەیەکمان هەیە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم، لە رێگەی بۆردی کوردستانییەوە داوامان کردووە، کە لە زانکۆکان بەشی پسپۆڕیی منداڵان درووست بکەین، چونکە ئەم بابەتە تەنها بە پسپۆڕیی گشتیی دەروونی ناکرێت، راستە ئەرکی ئەوە، بەڵام ئەگەر پسپۆڕیی وردی دەروونیی منداڵانمان هەبێت، دەتوانین زۆرینەی بابەتەکان چارەسەر بکەین."
 
لە عێراق مووچەی منداڵانی ئۆتیزم 300 هەزار دینارە و لە هەرێمی کوردستان نیوەی ئەو بڕەیە، هیچ بڕیارێک نییە زیاد بکرێت، بەڵام بەرپرسێکی حکومەتی عێراق دەڵێت، بڕیاریان داوە مووچەکانیان زیاتر بکەن.
 
کۆنفرانسەکە لە سلێمانی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و بە وردی گرفتەکانی ئۆتیزم گوفتگۆ دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆمەڵێک دەرمانی دەرمانخانەیەک. وێنە: رووداو- تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەندیکای دەرمانسازان هۆشداری لە دەرمانێکی ساختە دەدات

سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان - لقی هەولێر، لە گشتاندنێکدا هۆشداری دەداتە سەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە مامەڵە بە دەرمانێکی ساختەی تایبەت بە بەرزەپەستانی خوێن نەکەن.