بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە کەم بووەتەوە

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، رێژەی منداڵە نەخۆشەکان بە سکچوون و رشانەوە کەم بووەتەوە، ئێستاش تووشبووانی پەتای وەرزی خەریکە زیاد ببێت.
 
هەرچەندە تەندروستیی سلێمانی ئامارێکی لەبارەی نەخۆشخانەکەوە بڵاو کردووەتەوە و دەڵێ، مانگی رابردوو 16 هەزار و 379 منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بینراون؛ بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە 14-10-2025 د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەو ئامارە هەڵەی تێدایە و ئێستا ژمارەی منداڵانی بینراو لە نەخۆشخانەکە کەم بووەتەوە.
 
هەر بەپێی تەندروستیی سلێمانی، مانگی رابردوو هەزار و 594 تووشبووی سکچوون، رشانەوە و وشکبوونەوە لە نەخۆشخانەکە تۆمار کراون، بەڵام د. کۆیان زاهیر راستی دەکاتەوە کە ئەوە هی مانگی پێشووترە و ئێستا رێژەکە زۆر زۆر کەم بووەتەوە.
 
یەکێک لەو ڤایرۆسانەی دەشێت تووشی منداڵان ببێت لەم وەرزەدا؛ ڤایرۆسی (RSV)ـیە کە یەکێکە لە ڤایرۆسە باوەکانی رێڕەوی هەناسە کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا دەکات کە بە عەرەبی پێی دەگوترێت ''التهاب قصبات''.
 
بەهۆی ڤایرۆسی RSV ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار منداڵ لە جیهان گیانلەدەستدەدەن و ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش لە نەخۆشخانەکان دەخەوێنرێن تاوەکو ئۆکسجین و چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.
 
نیشانەکانی تووشبوون بە RSV
 
سەرەتا بریتین لە 'کۆکە، پەسیو، پژمین و تا، بەڵام هەندێکجار دەبێتەهۆی هەناسە تەنگی و سیخەی سنگ، وە سێ بۆ حەوت رۆژ دەخایێنێت، بەڵام لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر کۆخەکەی بەردەوام بێت.
 
ڤایرۆسەکە زیاتر مەترسی لەسەر کێ دروستدەکات؟
 
* منداڵی تەمەن زۆر بچووک
*  منداڵی ناکام
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی سینگ
* ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە
 
نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەخێرایی دەگوازرێتەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی کۆکین، پژمین و دەستلێدان لەو شوێنانەی کە ڤایرۆسەکەی پێوەیە.