رووداو - تەندروستی
هەڵمەتی لونای پەمەیی فراوان دەبێت و رۆژانە بەهۆی هەڵمەتەکەوە دەیان خانم دەچنە نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی پشکنینی شێرپەنجەی مەمک بۆ ئەوەی خۆیان بپشکنین، تاوەکو (هەر کەسێک شێرپەنجەی هەبوو، زوو دەستنیشانبکرێت، بۆ ئەوەی چارەسەری خێرا و ئاسان بێت و نەگاتە دۆخی مەترسیدار و ئاڵۆز).
نیگا فازڵ فەرمانبەرێکە و دەڵێت: دەبوایە پێش 40 ساڵ پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمکم بکردایە، بەڵام بەهۆی هەڵمەتەکەوە پشکنین دەکەم. (ئەو خانمە ئەمڕۆ سێشەممە 14-10-2025 چووەتە سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەکانی مەمک لە سلێمانی).
خانمێک دیکە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ دکتۆر لونا کردووە، دەڵێت: خوشکەکەم زوو پشکنینی کرد و دەرکەوت شێرپەنجەیەتی، بەڵام نەگەیشتبووە قۆناخی یەکیش، بۆیە چارەسەرەکەی زۆر ئاسان بوو. (ئەو خانمە ئەمڕۆ سێشەممە 14-10-2025 چووەتە سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەکانی مەمک لە سلێمانی).
جوانە کاوە، مامۆستای پەروەردەی تایبەتە و دەڵێت: سەردانکردن و چوونە لای پزیشک بۆ پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە و بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستی زۆر لە نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری گرنگترن و پێویستە خانمان زیاتر بایەخیان پێبدەن.
هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' چییە؟
رووداوی تەندروستی لە مانگی ئۆکتۆبەردا کە ناسراوە بە 'ئۆکتۆبەری پەمەیی' هەڵمەتێکی فراوان بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک و هاندانیان بۆ پشکنینی پێشوەختە دەستپێدەکات.
ئەو هەڵمەتە بە ناوی 'لونای پەمەیی' رادەگەیێندرێت و ئامانجی سەرەکیی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختە بکەن، چونکە چەند زوو شێرپەنجە دەستنیشانبکرێت، ئەوەندەش چارەسەرەکەی ئاسان دەبێت و خەرجییەکەی کەمتر دەبێتەوە. تەنانەت گوشاری سەر نەخۆشخانەکانیش کەم دەبێتەوە.
هەڵمەتەکە لەلایەن دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو دەکرێت بە هاوبەشیی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک، سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی و سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک و هەرس و جگەر لە هەڵەبجە.
جیاوازیی خەرجیی چارەسەرییەکانی شێرپەنجەی مەمک بەگوێرەی قۆناخەکانی نەخۆشییەکە؛
بەگوتەی د. لوقمان نانەکەلی، پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نرخی چارەسەرییەکان لە ماوەی پێنج ساڵدا بەراورد بە ماوەی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک بەم شێوەیەیە؛
- لە ماوە سەرەتاییەکانی قۆناخی یەکی شێرپەنجەکە؛ 4 بۆ 5 هەزار دۆلار.
- لە ماوەی قۆناخی دوو و سێی شێرپەنجەکە، ئەگەر پێویستی بە دەرمانی بایۆلۆژی و کیمیایی بێت؛ 20 بۆ 30 هەزار دۆلار.
- لە ماوەی قۆناخی چواری شێرپەنجەکە؛ 250 بۆ 300 هەزار دۆلار.
تەنانەت بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی ئاشکرای دەکات، تێچووی چارەسەریی شێرپەنجەی مەمک لە قۆناخی یەک 300 هەزار دیناری عێراقییە، بەڵام ئەگەر هەمان شێرپەنجە لە قۆناخی سێ یان چوار دەستنیشان بکرێت، بۆ 21 رۆژ 12 ملیۆن دیناری عێراقی تێدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ