رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: 58٪ـی نەخۆشخانەکانی سووریا خزمەتگوزارییان نییە

رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرانی سووریایی بۆ وڵاتەکەیان دۆخی تەندروستیی سووریا ئاڵۆزتر دەکات و خزمەتگوزاریی زیاتر پێویست دەبێت.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لە نوێترین راگەیێندراویدا لەبارەی دۆخی سووریا بە پێویستی دەزانێت کە ستاف و کەلوپەلی پێویست بۆ کەرتی تەندروستیی وڵاتەکە دابینبکرێت.
 
مارگرێت هاریس، گوتەبێژی WHO دەڵێت، 58٪ـی نەخۆشخانەکانی سووریا خزمەتگوزارییان نییە و بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەکانیش پێداویستی و خزمەتگوزاریی پزیشکییان زۆر کەمە.
 
ئەو داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هاوکاریی کەرتی تەندروستیی سووریا بکەن بەتایبەت لە رووی دابینکردنی ستافی شارەزا و دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکانی هاووڵاتییانی سووریا.
 
گوتەبێژەکەی WHO ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای ئاستەنگییەکانی هاتووچۆ، بەردەوامن لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان بۆ سووریا.