رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئوسترالیا ئاشکرای دەکات، خۆراکە ئامادەکراوەکان تووشبوون بە خەمۆکی زیاددەکەن بەتایبەت لە گەنجاندا.
توێژینەوەیەکی زانکۆی دیکن لە ئوسترالیا دەریدەخات، زۆر خواردنی خۆراکە ئامادەکراوەکان و خۆراکە خێراکان وادەکات دوای 10 ساڵ نیشانەکانی خەمۆکی و ناڕێکیی دەروونی لەسەر کەسەکە دەربکەوێت.
توێژینەوەکە لەسەر 24 هەزار کەس کراوە و ماوەی 10 ساڵی خایاندووە، 30٪ـی ئەو کەسانەی کە رۆژانە دوو ژەم خۆراکە ئامادەکراوەکانیان خواردووە، لانیکەم یەکێک لە نیشانەکانی تێکچوونی دەروونی بەتایبەت دڵەڕاوکێیان لەسەر دەرکەوتووە.
د. مێلیسا لێین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: خۆراکە ئامادەکراوەکان پڕۆتین و ریشاڵی پێویستیان تێدایە، بەڵام بڕێکی زۆریش لە وزە، شەکر و چەورییان تێدایە کە هۆکارێکی سەرەکین بۆ کێشەکانی ریخۆڵە و هەوکردنەکان، بەمەش گوشاری دەروونی زیاددەکەن و دەروونی تاک ناڕێکدەکەن.
ئوسترالیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەشێوەیەکی فراوان خۆراکە ئامادەکراوەکان تیایدا دەخورێن و هەوادارێکی زۆریان هەیە، بەجۆرێک 40٪ـی دانیشتووانەکەی رۆژانە لانیکەم ژەمێک خۆراکی خێرا دەخۆن.
بە گوێرەی مایۆکلینیک، خۆراکە ئامادەکراوەکان ئەو خۆراکانەن 'شەکر، خوێ و چەوری'ـیان بۆ زیاددەکرێت و بەشێکیشیان 'رەنگ، تام و مادەی پارێزەر'ـیان تێدەکرێت تاوەکو زیادبمێننەوە و تامێکی جیاوازیان هەبێت.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەو خۆراکانە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیەکانی 'شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن، قەڵەوی، هەوکردنەکانی ریخۆڵە و کۆڵۆن' زیاددەکەن، هەروەها نەزۆکی و لاوازبوونی تواناکانی مێشک دوو لە پاشهاتە دوور مەوداکانی خۆراکە خێراکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ