ئالوودەبوون بە شەکر؛ ئەو "ژەهرە سپییەی" جەستەمان وێران دەکات

رووداو - تەندروستی

ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەدەست ئالوودەبوون بە شەکرەوە دەناڵێنن و زۆرجار گرنگییەکی ئەوتۆی پێنادەن، جەستەی مرۆڤ زوو لەگەڵ تامی شیرین رادێت و مێشک داوای زیاتر دەکات، توێژینەوەکان زیانەکانی زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکردا دووپاتدەکەنەوە و هەندێکیان وەک "ژەهری سپی" پۆلێنی دەکەن.
 
رێژەی ستاندارد و رێژەی بەکاربراو
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رێنمایی دەدات کە رێژەی شەکر لە رۆژێکدا بۆ تاکەکەس نابێت لە 25 گرام زیاتر بێت، ئەم رێژەیەش بۆ ژنان و منداڵان کەمترە، بەڵام سەرەڕای ئەم رێنماییە، زۆربەی ئامارە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاکەکان لانیکەم چوار هێندەی ئەم بڕە شەکر بەکاردەهێنن.
 
کاریگەریی لەسەر مێشک
 
وێنەگرتنی مێشک بە تیشکی MRI دەریخستووە، ئەو کەسانەی ناتوانن رۆژێک بەبێ خواردنی شیرینی بەڕێبکەن، ناوەندە دەمارییەکانی مێشکیان کە بەرپرسن لە پاداشت و دەردانی هۆرمۆنی دڵخۆشی (دۆپامین)، لەگەڵ هەر پاروویەکی شیریندا چالاکییان زیاد دەکات، ئەمانە هەمان ئەو ناوچانەن کە لە کاتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و کحولدا چالاک دەبن.
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمەش، شێوازی پەروەردەکردنە کە منداڵان لە بەرامبەر کارێکی باشدا بە شیرینی پاداشت دەکرێنەوە، ئەمەش وا دەکات لە مێشکیاندا خواردنی شەکر بە هەستی دڵخۆشییەوە ببەسترێتەوە.
 
بەکتریاکانی ریخۆڵە کۆنترۆڵی رەفتارمان دەکەن
 
لە ریخۆڵەی مرۆڤدا نزیکەی کیلۆگرام و نیوێک میکرۆب و بەکتریا دەژین کە بۆ کرداری هەرسکردن زۆر گرنگن، کاتێک شەکر دەخۆین، ئەو بەکتریایانەی کە لەسەر شەکر دەژین، زیاتر گەشە دەکەن و ئاماژەی دەماری بۆ مێشک دەنێرن کە داوای شەکر دەکات، ئەمەش کاریگەرییەکەی لە کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان دەچێت.
 
هێرمان توبلاک، سەرۆکی کۆمەڵەی قەڵەویی ئەوروپی دەڵێت: "ئەگەر سەیری گۆڕانکارییەکانی خۆراک لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا بکەین، دەبینین پێکهاتە شەکرییەکان زۆر زیاتر بوون لە چەورییەکان، ئەمەش کارەساتە. مرۆڤی ئەمڕۆ زۆر دەخوات و کەم دەجووڵێت، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکانە، لە سەرووی هەمووشیانەوە شەکرە."
 
چارەسەر چییە؟
 
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەکر، چەندین رێنمایی هەن:
 
- هۆشیاری: پێش ئەوەی هەر شتێک بخەیتە دەمتەوە، بیری لێبکەرەوە.
- پەروەردە: پێویستە دایکان و باوکان واز لە بەکارهێنانی شیرینی وەک پاداشت بۆ منداڵەکانیان بهێنن.
- جووڵە: پارێزگاری لە رۆتینێکی رۆژانەی وەرزش یان رۆیشتن بکە کە لە 10 خولەک کەمتر نەبێت.
- سیستمی خۆراکی: بەشێوەیەکی پلەبەندی خواردنی شەکر و کاربۆهیدرات کەمبکەرەوە، بەبێ ئەوەی بە یەکجاری بیبڕیت.
- جێگرەوەی سرووشتی: بەدوای سەرچاوەی سرووشتی و جێگرەوە بۆ شەکری دروستکراو بگەڕێ.