یەکدی لەباوەش مەگرن؛ پەتاکە زۆرتر بڵاو دەبێتەوە!

15-11-2025
هونەر رێبوار
A+ A-
بە ناڵە ناڵ و رووخسارێكی تەواو سوور هەڵگەڕاو هاتە بەشی راوێژکاریی فریاکەوتنی رۆژئاوا، کە بە دایکیم گوت، چییەتی و چیتان بۆی بەکارهێناوە؟ دەرمانەکانی لەپێشم هەڵڕشت؛ سێ جۆر کەپسول، هەمان جۆری ئەمۆکسیلین کە تەنیا رەنگیان جیاواز بوو، خوا هەڵناگرێت دەنکۆڵەی پاراسیتامۆڵیشیان پێدابوو، گوتی: "دکتۆر هەر سێ جۆر کەپسولەکەی پێدەدەم، یەک خولەکیش تایەکە بەرینادات".
 
ئەوەی من ئێستا دەیبینم رۆژانە لە راوێژکاریی نەخۆشخانە، لە بەشی فریاکەوتن و لە کلینیک، پەتایەکی زۆر خێرا لەنێو خەڵک هەیە بڵاوبووەتەوە، هەرچی دێت تا، لەرز، هەڵامەتی هەیە و ئاویش بە لووتیەوە ناوەستێت، کێشەکە تا ئێرە ئاساییە، بەڵام بە هەڵە چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە، خۆی نەخۆشییە و هیچ ئاسایی نییە!
 
پەتاکە بەجۆرێك بەربڵاوە، لە هەر خێزانێك چەند کەسێك تووشبوون، هەر کەسێك کە دێتە نەخۆشخانە، دەڵێت دکتۆر لە ماڵەوەش منداڵەکەی دیکەی، یان دایک و باوکی، یان چەند کەسێكی دیکەیان تووشی نەخۆشییەکە بوون و لە ماڵەوە کەوتوون.
 
نەخۆشییەکە چۆن چارەسەر دەکرێت؟
 
بەپێی زانستی پزیشکی و ئەوەی لە سەرچاوە زانستییەکان هەیە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم نیشانانە دەکرێت هۆکارەکەیان سەرمابوون و ئەنفلەوەنزا بێت، کە دەکرێت هۆکارەکەی چەند جۆرێكی ڤایرۆسە جیاوازەکان بێت، یەکێكیش لەوانە (ڤایرۆسی کۆڤید)ـە، کە دەکرێت بە جۆرێكی نوێ لەنێو خەڵک بڵاوبووبێتەوە.
 
ڤایرۆسە جیاوازەکان نیشانەی جیاوازیان هەن، بەڵام زۆربەیان هەندێك خاڵی هاوبەشی وەکو تا، هەڵامەت، کۆکە، سەرئێشە و ژانی جەستەیان هەیە، بەشێكیشیان دەکرێت کەسەکە تووشی سکچوون و تەنانەت رشانەوەش بکەن.
 
بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشی و نیشانانە، باشترین و دروستترین کار، وەرگرتنی حەبی پاراسیتامۆڵە کە ژان و تا زۆر بەباشی لە زۆربەی کات کۆنتڕۆڵ دەکات، لەگەڵیدا کەسەکە پشوو بدات، شلەمەنی بخواتەوە، بەڵام کە نیشانەکان زیادبوون یان لە گرووپی مەترسیداری وەکو کۆرپە، بەساڵاچووان و خانمانی دووگیان سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکرێت و راوێژی پزیشك وەربگیرێت. 
 
کێشەکە چییە؟
 
زۆربەی نەخۆشەکان کاتێك کە تا-یەکەیان دەستپێدەکات، لەجیاتی وەرگرتنی پاراسیتامۆڵ دەست دەکەن بە وەرگرتنی کەپسوولە جیاوازەکان، ئەوە بەهیچ جۆرێك چارەسەری تا ناکات و چارەسەری ڤایرۆسەکە ناکات، چونکە ئەم کەپسوولانە دژی بەکتریان و چارەسەری ڤایرۆس ناکەن. وەکو ئەوەیە کەسێك تینوو بێت و داوای ئاو بکات، تۆ دەچیت خۆراکی پێدەدەیت، تینووێتیی کەسەکە ناشکێت، هەر ئەمەش نا، بەڵکو دۆخەکە خراپتر دەکەن، چونکە بەکتریاکان بەهێزتر دەبن، لە داهاتوو بە دەرمانیش چاکنابنەوە.
 
یەکدی ماچ مەکەن
 
ئەوەی پەتاکە خێراتر و تووندتر بڵاودەکاتەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن، واتە کاتی سەردانکردن کە تەنیا کەسێك لەنێو پەیوەندییەکەدا پەتاکەی هەبێت، دەکرێت هۆکاربێت بۆ تووشبوونی هەموو کەسەکانی دیکە لەڕێگەی ماچکردن، باوەشکردن، دڵۆپەکانی پژمە و هەڵامەت، دڵۆپەکانی کۆکە و بەرکەوتن؛ باشترە ئەم ماوەیە هەندێك سەردان و تێكەڵاوی کەمبکرێنەوە، بەداخەوە "هەندێكجار کەسەکە پەتاکەی هەیە، دێت کەسی بەرامبەر ماچ دەکات، ئەمە خۆشەویستی نییە و دوژمنایەتییە". 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە