تەندروستیی چەمچەماڵ: تووشبوون بە پەتاکان لەنێو لێقەوماوانی لافاو زیاد بووە

رووداو - تەندروستی

تەندروستیی چەمچەماڵ چەند رێنوێنییەک بۆ پاراستنی تەندروستی لەکاتی لافاودا رادەگەیێنێت و بەکارهێنانی ئاوی نێو بتڵ لەبری ئاوی بیر و تانکی یەکێکیانە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025 شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ تەندروستیی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەفتەی رابردوو کردووە و هیچ تووشبوویەکی سکچوون و رشانەوە لەنێویان تۆمار نەکراوە، بەڵام ئاماژەی بە زیادبوونی نەخۆشییەک دا لەنێویان.
 
شەریف رەحیم دەڵێت: بەهۆی سەرمابوون و ساردیی کەشەکە، تووشبوون بە پەتاکان لەنێو زیانلێکەوتووانی لافاوەکە زیادبووە. لەبارەی دەرمانە درێژخایەنەکانەوە دەشڵێت، بەهۆی هاوکارییەکان بڕی پێویست بەردەستە و کێشەی کەمیی ئەو دەرمانانە نەماوە.
 
بەپێی تەندروستیی چەمچەماڵ، ئاوی کلۆرکراو یاخود ئەو ئاوەی لەلایەن فەرمانگەی دابەشکردنی ئاوەوە دابینکراوە، بەکاربێت. جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ گوتی، بەهۆی ئەوەی هەمیشە کێشەی دواکەوتنی ئاومان هەبووە، دانیشتووانی چەمچەماڵ ناچارن پەنا بۆ ئاوی تانکەرەکان ببەن کە زۆرجار لە سەرچاوەی نادیارەوە ئاوەکە دەهێنن و پیسە (ئەمەش تووشی نەخۆشییان دەکات).
 
تەندروستیی چەمچەماڵ ئەم رێنوێنییانەش باس دەکات؛
 
- خۆراک لە شوێنی پاک و سارددا هەڵبگیرێت و خۆراکی سەردانەپۆشراو نەخورێت.
- بەرکەوتە نەبێت لەنێو ئاوی قووڵدا، بەڵکو پێڵاو و جلوبەرگی دژەئاو بەکاربێن.
- برین پاکوخاوێن رابگیرێت و بە باشی بپێچرێتەوە.
- نێوماڵ وشک بکرێتەوە ئینجا ژیانی تێدا بکرێت.
- کەسانی بەساڵاچوو و خانمانی دووگیان لە شوێنی گەرمدا بمێننەوە و جلوبەرگی گەرم لەبەربکەن.
- لەکاتی بوونی نیشانەکانی سکچوون، رشانەوە، زەردوویی، هەناسەتەنگی، لەرز و تا سەردانی ناوەندە تەندروستی و نەخۆشخانەکان بکرێت.
 
بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی کانوونی یەکەم لە بەشێکی باشووری کوردستان لافاو دروستبوو. لافاوەکە تەنیا زیانی مادی نەبوو، بەڵکو بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج هاونیشتمانی و بێسەروشوێنبوونی ئەندازیارێکی عەرەب. (بەدواداچوون بۆ لافاوەکەی چەمچەماڵ؛ 'رێڕەوەکانی ئاو بە زێدەڕۆیی گۆڕاون').