کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە: بەشێکی بەرکەوتووان ناتوانن دەرمانەکانیان بکڕن
رووداو - تەندروستی
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، هەناسەتەنگی و لاوازی بینین باوترین کێشەی نێو بەرکەوتووانە و هەندێکیشیان بە زەحمەت دەتوانن دەرمانەکان بۆ خۆیان دابین بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 16-3-2026 هاوکات لەگەڵ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە؛ لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، کێشەی بینین و هەناسەدان باوترینن لەنێو بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، هەروەها بەشێکیشیان لەبەر نەبوونی، ناتوانن دەرمان بکڕن.
لوقمان عەبدولقادر دەڵێت: ئێستا نەشتەرگەریی چاندنی گلێنە راگیراوە. بەگوتەی خۆی ''هیچ بەرکەوتەیەک سوودی لەو سەردانە پزیشکییە نەکرد کە کۆمەڵێک چوونە کەربەلا بۆ نەشتەرگەریی چاندنی گلێنە''.
باسی ئامارەکانی بەرکەوتووان دەکات و دەڵێ: لە هەرێمی کوردستان 808 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەن، نزیکەی 300ـیان لە هەڵەبجەن. هەروەها ئەوانەشی کە ئامێری هەناسەدانیان پێویستە و دەبێت هەمیشە ئۆکسجینیان لەسەر بێت 25 کەسن و 40 کەسیشیان پێویستیان بە چاندنی گلێنە هەیە.
هەر ئەمڕۆ نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، ''پێویستە بودجەی تایبەت بە چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دابنرێت''، پێشنیازیشی بۆ پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران کرد کە یەکەم کۆبوونەوەیان لە هەڵەبجە بێت.