یەکگرتوو لە کارنامەکەیدا داوای باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییە تەندروستییەکان و پاراستنی ژینگە دەکات
رووداو - تەندروستی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کارنامەکەیدا لەبارەی کەرتی تەندروستی داوای: "باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی تەندروستی و پاراستنی ژینگە" دەکات.
پارتە ئیسلامییەکە لە کارنامەکەیدا کەرتی تەندروستی بە چەند پرسێکی دیکە بەستووەتەوە و دەڵێ: "كاردەکەین بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، بەرزكردنەوەی كەرتی پەروەردە و فێركردن و بەهێزكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان''.
لەبارەی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە؛ یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بەوە کردووە: "لابردنی پاشماوەکانی جەنگ، چەک و مادە زیانبەخشەکان لەگەڵ بەهێزکردنی پاکوخاوێنیی گشتی" پەیڕەو بکرێن.
جەختیش لە دابینکردنی وزەی خاوێن و بەردەوام دەکات ''وەک چارەسەرێک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی پیسبوونی ژینگە و باشتر پاراستنی ژینگە''، چونکە ئەوانە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر تەندروستیی گشتی دادەنێت.
ئەم حیزبەش لە پرسی رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەردا رایگەیاندووە: (بە دابینکردنی پڕۆگرامی هۆشیار و پەروەردەیی بۆ گەنجان و پاراستنیان لە لادان و رەفتاری زیانبەخش) رووبەڕووی دەبنەوە.