رووداو - تەندروستی
لەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە 5 خاڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە نۆ خاڵ کارنامەی خۆیان خستووەتەڕوو؛ هەردووکیان جەخت لە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی دەکەنەوە بۆ ئەوەی "بە شێوەیەکی دروست دابینبکرێن و بەردەست بن."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە خاڵێکی کارنامەکەیدا بە ناوی ''دەوڵەتێکی پێشكەوتوو و هاوچەرخ''دا هاتووە، جەخت لە چاکسازی دەکاتەوە بەتایبەت لە بوارەکانی (تەندروستی، پەروەردە، خوێندن، کولتوور، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، پیشەسازی، کشتوکاڵ، ژینگە و گەشتوگوزار.
هەر لە کارنامەی حیزبەکەدا لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەردا هاتووە: "پارتی بەردەوام دەبێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان''. راشیدەگەیێنێت، سەنتەری چارەسەری قوربانییانیش دەکەنەوە.
پرسی 'بیمە' مژارێکی سەرەکیی سیستمی تەندروستییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پارتی لەوبارەوە ئاماژەی بەوەداوە ''دەرچوواندنی یاسایەكی هاوچەرخی بیمەی تەندروستی و بایەخدانی زیاتر بە بوار و دامەزراوە تەندروستییەكان''.
بڕگەیەکی دیکەی دوایین خاڵی کارنامەی پارتی، بایەخدانە بە خۆراکی تەندروست و هەمەجۆر بۆ منداڵان، جگە لەوەش باسی دابینکردنی ژینگە و هەوای پاک بۆ دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، کار دەکەن بۆ هاندانی حکومەتی فیدراڵی بۆ "مسۆگەرکردنی پشکێکی دادپەروەرانە لە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ دامەزراوە تەندروستییە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان''.
لەبارەی خاوەنپێداویستییە تایبەتییەکانەوە یەکێتی ئەوە باس دەکات، هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنن و هاوکارییەکانیان هاوسەنگ دەکەن وەک ئەوەی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆیان دەکرێت.
لە خاڵێکی کارنەمەکەیدا، یەکێتی باسی خۆشگوزەرانیی خەڵک دەکات کە دابینکردنی ژینگەیەکی خاوێن و تەندروست یەکێکە لە مەرجەکان.
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ