بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی: هەموو بەشەکانمان بایکۆتن جگە لە فریاکەوتن
رووداو - تەندروستی
لە تەندروستیی سلێمانی بەشێکی کارمەندان بایکۆتی کاریان کردووە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان دەڵێت: تەنیا دەتوانین نەخۆشیی فریاکەوتن وەربگرین و تەختی نەخۆشەکانیش کەم بوونەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-7-2025 د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی بە رووداوی گوت، تەنیا دەتوانین نەخۆشیی فریاکەوتن وەربگرین و جگە لە بەشی فریاکەوتن بەشەکانی دیکە بایکۆتن.
د. کۆیان زاهیر دەڵێت: ئێستا 26 تەختی نەخۆش ماونەتەوە و رۆژانە لانیکەم 40 بۆ 45 کەس پێویستیان بە خەوتن و مانەوە لە نەخۆشخانەکە هەیە.
د. کۆیان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات رێنوێنییەکانی خۆپارێزی لە سکچوون و رشانەوە جێبەجێ بکەن وەکو؛
- کەمکردنەوەی چوونەدەرەوە لەکاتە گەرمەکاندا.
- منداڵ بنێردرێتە مەلەوانگەی خاوێن و دڵنیا.
- خۆراکی دەرەوە و خۆراکە خێراکان کەم بکرێتەوە.
- پاکوخاوێنی بەتایبەت لەدوای توالێت.