پسپۆڕێکی نەخۆشخانەی هێڤیی منداڵان لە دهۆک: پەتایەکی نوێ لەنێو منداڵان دەستیپێکردووە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی ورد لە نەخۆشخانەی هێڤی تایبەت بە منداڵان لە دهۆک رایدەگەیێنێت، ئێستا کاتی بڵاوبوونەوەی پەتایەکی ڤایرۆسییە کە چەندین منداڵی تووشبوو لە نەخۆشخانەکە بەهۆیەوە تۆمار کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-9-2025 د. ئومێد عەدنان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن لە منداڵان لە نەخۆشخانەی منداڵانی هێڤییەوە لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، بە درێژایی هاوین پەتای سکچوون و رشانەوە باو بوو، بەڵام ئێستا منداڵان بەرە بەرە تووشی ڤایرۆسێکی باوی کۆئەندامی هەناسە دەبن بە ناوی RSV.
د. ئومێد عەدنان دەڵێت: رۆژانە منداڵی تووشبوو بە RSV تۆمار دەکەین و ئەوانەشی کە دەخەوێندرێن لە خوار تەمەنی یەک ساڵانەوەن کە کێشەی هەناسەدانیان بۆ دروستدەبێت.
هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، لەم کاتی گۆڕانی وەرزەدا کەشی منداڵ مامناوەند بێت. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە نەخۆشیی کەمخوێنی جۆری داسی و تالاسیمیا باوترین نەخۆشییەکانی خوێنن لەنێو منداڵانی دهۆک.
ڤایرۆسی (RSV) چییە؟
ڤایرۆسی (RSV) یەکێکە لە ڤایرۆسە باوەکانی رێڕەوی هەناسە کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا دەکات کە بە عەرەبی پێی دەگوترێت ''التهاب قصبات''.
نیشانەکانی تووشبوون بە RSV
* سەرەتا بریتین لە 'کۆکە، پەسیو، پژمین و تا، بەڵام هەندێکجار دەبێتەهۆی هەناسە تەنگی و سیخەی سنگ، وە سێ بۆ حەوت رۆژ دەخایێنێت، بەڵام لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر کۆخەکەی بەردەوام بێت.
ڤایرۆسەکە زیاتر مەترسی لەسەر کێ دروستدەکات؟
*منداڵی تەمەن زۆر بچووک
* منداڵی ناکام
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی سینگ
* ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە
نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەخێرایی دەگوازرێتەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی کۆکین، پژمین و دەستلێدان لەو شوێنانەی کە ڤایرۆسەکەی پێوەیە.
بە بایەخدان بە پاکوخاوێنی و نەچوونە شوێنی قەرەباڵخ، هەروەها ماچنەکردن و دەستلێنەدانی منداڵی بچووک لەلایەن کەسانی نەخۆشەوە، دەکرێت پێشگیری لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە و لێکەوتە خراپەکانی بکرێت.