پسپۆڕێکی حکومڕانی تەندروستی: مەترسی هەیە هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی پەتایەکی جیهانی
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی حکومڕانیی تەندروستی دەڵێت، سیستمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سیستمێکی کۆن و نەگونجاوە و ئەگەر چاکسازیی تێدا نەکرێت ئەوا مەترسی هەیە پەتایەکی مەترسیدارتر لە کۆرۆنای تێدا بڵاوببێتەوە و ببێتە سەرچاوەی پەتا بۆ هەموو جیهان.
د.گۆران عەبدوڵڵا، پسپۆڕی حکومڕانیی تەندروستی و بەشداربووی لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی: سیستمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان سیستمێکی نەگونجاو و کۆنە و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەم سەردەمە ناگونجێت.
د. گۆران گوتیشی: ئێستا دڵەڕاوکێیەکی زۆر و مەترسی گەورە لەسەر تەندروستیی جیهان هەیە هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش بەهۆی خراپی سیستمی تەندروستییەکەیەوە ژینگەکە لەبارە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشیی مەترسیدار.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی حکومڕانیی تەندروستی، خراپی سیستمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان نەک تەنیا لەسەر هەرێمەکە، بەڵکو لەسەر جیهانیش مەترسییە و دەڵێت: مەترسی هەیە هەرێمی کوردستان ببێت بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی پەتایەکی جیهانی.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ د. رێبین مەحموود، پسپۆڕی حکومڕانیی تەندروستی میوان بوو و گوتی: بەردەوام مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتا جیهانییەکان هەیە و ئێستاش مەترسی هەیە پەتای تووندتر لە کۆرۆنا بڵاوببێتەوە.
گوتیشی: هیچ دەستپێشخەرییەک نابینین بۆ رێکخستنەوەی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و ئەو سیستمەی ئێستا تەندروستی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکات 30 ساڵە لە جیهاندا نەماوە.
د. رێبین مەحموود لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەش باسدەکات کە تەندروستیی هەرێمی کوردستان سیستمی ساڵانی هەشتاکانە و هیچ گۆڕانکارییەکی نوێی تێدا نەکراوە.
رۆژی یەکشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2023، یەکەم رۆژی لووتکەی تەندروستیی جیهانی دەستی پێکرد، دکتۆر ئەکسل پریس، سەرۆکی لووتکەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: ئێمە لە کۆرۆناوە فێربووین و وانەمان وەرگرت، بۆ نموونە ئێمە لە بەرلین ئامادەکاریمان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتا، هەروەها هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان باشترە، بەڵام هەمووان دەڵێن ئەگەر ئێستا جارێکی دیکە هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە رووبدات، دۆخمان زۆر خراپترە وەک لە پێش کۆرۆنا.
لەنێو لووتکەی تەندروستیی جیهانی زیاتر لە 60 هەزار کەس لەڕێگەی ئۆنلاین و چوار هەزار کەسیش بەشێوەی راستەوخۆ لە بەرلین بەشداردەبن، هەروەها 400 قسەکەر و 140 وڵاتی جیاوازیشی تێدادەبێت، هاوکات لووتکەکە هەریەک لە رۆژەکانی 16 و 17ـی ئەم مانگەش بەردەوامدەبێت و پانێڵەکان پێشکێشدەکرێن.