ناوەندی خەو لە بەریتانیا: مۆز ئاسوودەیی بە دەروون دەبەخشێت
رووداو - تەندروستی
ناوەنێکی بەریتانی رایدەگەیێنێت، خواردنی مۆز لە پێش خەوتن دەکرێت ببێتەهۆی خەوێکی خۆشی شەوان و ئاسوودەیی بە دەروون ببەخشێت.
ناوەندی خەو لە بەریتانیا باشترین خۆراکەکان بۆ خەوێکی باش و کوالێتیی بەرز لە ساڵی 2024 ئاشکرادەکات کە مۆز یەکێکە لە میوە هەرە پێشەنگەکان.
ناوەندەکە رایدەگەیێنێت، مۆز بەهۆی ئەوەی دەوڵەمەندە بە مادەی مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم، یارمەتیی خاوکردنەوەی ماسوولکەکان دەدات، هاوکات بەهۆی ئەوەی مادەی تریپتۆفانی تێدایە، مێشک هێوردەکاتەوە و هانی دەردانی هۆرمۆنی خەو دەدات.
بە گوێرەی ناوەندی خەو لە بەریتانیا، مۆز یارمەتیی باشترکردنی مەزاج دەدات و هاوکارە لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گوشاری دەروونی.
د. لیسا ئارتیس، بەڕێوەبەری ناوەندەکە دەڵێت: هەریەک لە خۆراکەکانی ماسی، دانەوێڵەی تەواو و پەنیر بە خۆراکی بەهێز بۆ باشترکردنی خەو دادەنرێن.
د. لیسا پێشنیازدەکات، ئێواران بایەخ بە خواردنی مۆز بدرێت تاوەکو خەوی شەوان خۆشبێت.
بە گوێرەی کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکی، لە یەک مۆزی قەبارە مامناوەند بە نزیکەیی ئەم پێکهاتانەی خوارەوەی تێدایە؛
1 گرام پڕۆتین
29 گرام کاربۆهیدرات
3 گرام ریشال
112 کالۆریی وزە
112 کالۆریی وزە
36٪ ڤیتامینەکان
هەروەها کۆمەڵەکە هۆشداریدەدات، مۆزی سەوز بڕێکی زۆر لە نیشاستەی تێدایە و شەکرەکانی کەمە، بەڵام مۆزی زەرد یاخود گەییو واتە مۆزی پەلک رەش، بە پێچەوانەوە بڕێکی کەم لە نیشاستەی تێدایە و رێژەیەکی زۆری شەکرەکانی لەخۆدەگرێت.
بۆیە پسپۆڕان ئامۆژگاری ئەوانە دەکەن کە نەخۆشییەکانی شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن، هەستیاری، بەدهەرسی، گرژەکۆڵۆن، هەروەها نەخۆشییەکان دڵ و لوولەکانی خوێنیان هەیە بایەخ بە خواردنی مۆزی سەوز بدەن، هاوکات بۆ وەرزشڤان و منداڵان بە پێویستی دەزانێت کە مۆزی زەرد بخۆن.