پسپۆڕانی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان خولێکی راهێنان لەبارەی ئۆتیزم دەکەنەوە
رووداو - تەندروستی
کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، رێککەوتنێک لەگەڵ ناوەندێکی زانستیی ئۆتیزم دەکات و بەپێی رێککەوتنەکەش چەند پزیشکێکی زانکۆیەکی ئەمریکی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و چەندین خولی راهێنان دەکەنەوە.
بەختیار رەوف، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان لقی سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند کۆمەڵەکەیان لەگەڵ "ناوەندی زانستی بۆ ئۆتیزم و تێکچوونی گەشە" رێککەوتنێکیان واژۆ کردووە و لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا چەند پزیشکێکی ئەمریکی کە ئەزموونی چەند ساڵەیان لە بواری ئۆتیزمدا هەیە، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەبارەت بە خولەکان، بەختیار رەوف گوتی، خولێکی بێبەرامبەر بۆ ماڵباتی منداڵانی ئۆتیزم دەکرێتەوە، هەروەها چەند خولێکی دیکەش لەسەر سێ ئاست بۆ مامۆستایانی پەروەردە دەکرێنەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆتیزم بە دەرمان چارەسەر ناکرێت، بەڵکو تەنیا بە راهێنان لەڕێگەی دایک و باوک و سەنتەرەکانی ئۆتیزمەوە چارەسەر دەکرێت.
بەختیار رەوف، باسی لەوەشکرد کە سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە ئاستی پێویستدا نین، کادیر کەمە و پێویستی بە پەرەپێدانی زیاترە.