رووداو دیجیتاڵ
ئاماری ساڵی 2024ی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق کە نوێترین ئامارە و دەست رووداو کەوتووە؛ دەریدەخات، لە کۆی زیاتر لە 46 هەزار تووشبووی نوێ، نزیکەی 27 هەزاریان ژنن.
بەپێی ئەو ئامارەی ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی ناردووە، ساڵی 2024 لە عێراق 46 هەزار و 390 شێرپەنجەی نوێ تۆمارکراون. دابەشبوونی رەگەزیی تووشبووانیش نیشانی دەدات کە ژنان رووبەڕووی مەترسییەکی گەورەتر بوونەتەوە و 58%ی کۆی تووشبووان پێکدەهێنن.
بۆ ژنانی عێراق، شێرپەنجەی مەمک وەک "بکوژی یەکەم" لە لووتکەدا ماوەتەوە. داتاکان دەریدەخەن:
- هەشت هەزار و 899 ژن لە 2024دا بە تووشبووی شێرپەنجەی مەمک تۆمارکراون، ئەوەش 33.1%ی کۆی تووشبووانی ژنان بە شێرپەنجە پێکدەهێنێت و ساڵانە هەزار و 598 ژن بەمجۆرەی شێرپەنجە گیان لەدەست دەدەن.
- شێرپەنجەی رژێنی پەریزادە بە دوو هەزار و 795 دانە، 10.4%ی کۆی تووشبووانی ژنان پێکدەهێنێت و لە پلەی دووەمدایە.
لە ساڵی 2024دا هەزار و 923 منداڵی خوار تەمەن 14 ساڵ بە تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، واتە تێکڕای رۆژانەی پێنج منداڵ لە عێراق و باشووری کوردستان.
ساڵی 2024 کۆی گشتیی ئەو کەسانەی بەهۆی شێرپەنجە و لێکەوتەکانی لە عێراق و باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 13 هەزار و 620 کەس. هەرچەندە ژنان زیاتر تووش دەبن، بەڵام پیاوان "زووتر" بە نەخۆشییەکە دەمرن. رێژەی مردنی هەردوو رەگەز لە یەک ئاستدایە (نزیکەی 6,800 مردن بۆ هەر رەگەزێک).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ