جەنگ گەشتیاری پزیشکی 50٪ تاوەکو 75٪ لە هیندستان کەم کردووەتەوە
رووداو - تەندروستی
چەندین ساڵە، کەرتی بووژانەوەی ئابووری لەڕێگەی گەشتیاری پزیشکی لە هیندستان سەرکەوتوو بووە بەتایبەتی لەلایەن نەخۆشی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا. بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی جەنگی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا خەریکە ئەو سەرکەوتنە نامێنێت و قازانجی کەرتەکەی لاواز کردووە.
میدیا جیهانییەکان و بەتایبەت ئاژانسە هیندییەکان ئاشكرای دەکەن، لە هیندستان بە رێژەیەکی زۆر کە هیچ کات و سەردەمێک نەبینراوە، گەشتیاری نێودەوڵەتی کەمی کردووە، ئەمەش بۆ جەنگی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا دەگەڕێننەوە.
بەپێی ئامارەکانی (ئیکۆنۆمیک تایمز)، بە رێژەی 50٪ تاوەکو 75٪ گەشتیاری پزیشکیی نێودەوڵەتی لە هیندستان کەم بووەتەوە و ئەمەش ئاستی ئابووریی ئەو وڵاتەی لاوازتر کردووە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، جەنگی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا هۆکاری تێکچوونی گەشتەکانە. پزیشكانیش ئەوە دەڵێن کە پەیدابوونی گەشتیاری پزیشکی تەنیا پەیوەست نییە بە لێهاتوویی ستاف و هەرزانیی نرخ، بەڵکو متمانەکردنی گەشتیارەکان بە سەلامەتی و ئاسایش رۆڵی سەرەکییان هەن.
هەر بۆیە نەبوونی دڵنیایی لە ژیان و ناسەلامەتیی کاتی گەشتکردن بەهۆی جەنگەوە هۆکاری سەرەکین بۆ کەمبوونەوەی گەشتیاری پزیشکیی وڵاتان و بەتایبەتیش هیندستان، چونکە هیندستان زۆرترین گەشتیاری پزیشکی لە وڵاتانی (ئێران، عێراق، عومان، ئیمارات و دوبەی) هەبووە.
ئەمەش بزانە
لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوبات، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە و لەو ماوەیەدا چەندین جار پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کراونەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.