بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی دهۆک: پێویستە هەمیشە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ و گۆشتەکەی بکرێت

رووداو - تەندروستی

کەشوهەوا بەرە بەرە بەرەو گەرمی دەڕوات و گەرماش یەکێکە لە وەرزە پەسندەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون. بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی دهۆک رایدەگەیێنێت، هەموو کاتێک نەخۆشییەکە لەنێو ئاژەڵاندا هەیە و پێویستە هاونیشتمانییان وریا بن لە مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ ئاژەڵ و گۆشت و بەروبوومەکەی.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-4-2026 دکتۆر نیشتمان عارف، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان چین بە چینی پیشە جیاوازەکانی ئاژەڵداری بەسەر دەکاتەوە بۆ ئەوەی هۆشیار ببنەوە لە چۆنیەتیی مامەڵەی دروست لەگەڵ نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان.
 
بەپێی ڤێتێرنەریی پارێزگای زیقار، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا نۆ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و دووانیان گیانیان لەدەستدا. دکتۆر نیشتمان عارف لەبارەی نەخۆشییەکەوە جەختی لەوە کردەوە کە هەمیشە پابەندی هەبێت بە هەڵبژاردنی گۆشتی گونجاو و رێگەپێدراو. پاشانیش دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی کە ئاژەڵیان لێیە یاخود ئاژەڵ تێیدا دەمێنێتەوە بەتایبەت لەکاتی گەشت و سەیراندا.
 
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەی؟ 
 
* ئەو ئاژەڵانەهەڵبژێرە کە گەنە و مێش و مەگەزیان پێوە نییە. 
* لەکاتی سەربڕیندا دووربکەرەوە لە شوێنەکە و با هیچ بەرکەوتەیەکت لەگەڵ گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵەکە نەبێت. 
* پێش سەربڕین و دوای سەر بڕین پشکنین بۆ ئاژەڵە بکرێت. 
 
کاتێک گۆشتەکە دەبەیتەوە ماڵەوە
 
* بە دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت گۆشتەکە لەت لەت بکرێت. 
* ئەو چەقۆیەی بەکاردێت واباشترە فڕێ بدرێت یاخود دوای کارەکە بە فاست بشۆردرێت. 
* سەرجەم خوێن و پاشماوەکان بخرێنە نیو کیسە و لە شوێنی تایبەت فڕێ بدرێن. 
* لەکاتی بەرکەوتن بە گۆشتەکە دەستەکان بشۆردرێن و دەست نەبرێت بۆ دەم لووت. 
 
کاتێک گۆشت دەکڕیت و دەیبەیتەوە ماڵەوە 
 
* راستەوخۆ بیخەرە نێو بەفرگر بۆماوەی 24 کاژێر.
* دواتر بیخەرە نێو ساردکەرەوە بۆ ئەوەی خاو ببێتەوە.
* چەند کاژێرێک بیکوڵێنە یاخود بیکە بە کەباب و بیبرژێنە ئاساییە.