رووداو - تەندروستی
سەرچاوەیەک لە پارێزگای زیقاری عێراق رایگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا 9 کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و 2 لە تووشبووانیش گیانیان لەدەستداوە.
عەلی حەموود بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی ڤێتێرنەری لە پارێزگای زیقار، هۆشداریی لەبارەی مەترسیی زیاتری بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون دا و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ "بەردەوامیی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەنێو سەنتەری شارەکان و لاوازیی جێبەجێکردنی یاسای قەدەخەکردنی لەوەڕاندن."
عەلی حەموود گوتی، "تێکەڵبوونی ژینگەی لادێ و شار، بەتایبەتی لە ناوچە هەڕەمەکییەکان راستەوخۆ بووەتە هۆی زیادبوونی ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، لە سەرووی هەمووشیانەوە تای خوێنبەربوون کە بووەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر تەندروستیی گشتی لە پارێزگاکە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە تەندروستییە، بڵاوبوونەوەی زبڵ و خاشاک لەنێو گەڕەکەکاندا هانی ئاژەڵدارەکانی داوە ئاژەڵەکانیان بهێننە نێو شارەکان، ئەمەش کێشەکەی قووڵتر کردووەتەوە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەی زیاتر کردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک لە گۆشتفرۆشەکان هێشتا ئاژەڵ لە نزیک شوێنی کارەکانیان دەهێڵنەوە و لەبەردەم دووکانەکانیان دەیانبەستنەوە، ئەمەش پێشێلکارییەکی روونی رێنوێنییە تەندروستییەکانە و ئاستی مەترسییەکە بەرز دەکاتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ نەبوونی چاودێریی تووند."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ