لە سێ وڵات ژەهری جرج لەنێو خۆراکێکی منداڵان دەدۆزرێتەوە

رووداو - تەندروستی

رەفەی مارکێتەکان لە براندێکی بەنێوبانگی جیهانیی خۆراکی منداڵان چۆڵ دەکرێن، دەرکەوتووە، بڕاندی هیپ کە خۆراکێکی منداڵانە. ژەهری جرجی تێدایە و لە چەندین وڵات بەرهەمەکانی کشێندرانەوە.
 
پشکنینەکان دەریدەخەن، ژەهری جرج لەنێو بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیا ئەڵمانیەدا لە وڵاتانی نەمسا، چیک و سلۆڤاکیا هەبووە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی ژەهراویی منداڵ تۆمار نەکراوە.
 
ئێستا کۆمپانیای بەرهەمهێنەر، هەموو شووشەکانی خۆراکەکەی لە بازاڕدا کشاندووەتەوە و دەڵێ، ''مەترسییە بۆ سەر ژیانی منداڵان''.
 
پێتر لوژنی، گوتەبێژی فەرمانگەی داواکاریی گشتیی هەرێمی برنۆ لە چیک دەڵێت: ''پشتڕاستی دەکەینەوە، پۆلیسی چیک راپۆرتی پیسبوونی ئەو بەرهەمە خۆراکییەی پێگەیشتووە و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکات، خۆراکە ژەهراوییەکان لە هەرێمی برنۆ دۆزراونەتەوە، لە سلۆڤاکیا و نەمساش بەهەمان شێوە، کۆمپانیای بەرهەمهێنەریش هەموو خۆراکەکانی لە کۆڤاری چیک لە بازاڕەکان کشاندووەتەوە''.
 
ئاژانسی نەمسا بۆ تەندروستی و سەلامەتیی خۆراک رایگەیاند، هەر منداڵێک لەو خۆراکەی خواردبێت و تووشی (خوێنبەربوون، لاوازی، بێهێزی و زەردوویی لەگەڵ سکچوون و رشانەوە و خوێن لەنێو پیسایی) بووبێت، دەستبەجێ پزیشک بیبینێت.
 
هێڵموت بێرچەر، پسپۆڕی کیمیا لە نەمسا دەڵێت ''لە راستیدا ژەهرەکە مەیینی خوێن رادەگرێت، بەڵام ئەمە چەند کاژێر و رەنگە چەند رۆژێکیش بخایەنێت بۆ ئەوەی خوێنبەربوون رووبدات و نیشانەکان دەربکەون، تەنانەت ئەمە واتە ئەگەر تۆ بیخۆیت، پێویست ناکات وا دابنێیت کە ئێستا ژیانت لە مەترسییەکی راستەوخۆدایە. بەڵام هەر لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکان، دەبێت پزیشک ببیندرێت''. 
 
لەماوەکانی رابردوودا، چەند کۆمپانیایەک بەهۆی بوونی ژەهر لەنێو بەرهەمە خۆراکییەکانیاندا، ئاگادارکرانەوە بەتایبەت کۆمپانیاکانی نەسلە، دانۆن و بایهارت کە شیری وشکی منداڵان دەفرۆشن.
 
ئەم ساڵیش دەزگای ئاسایش و تەندروستیی بەریتانیا رایگەیاند، لانیکەم 36 منداڵی ساوا بەهۆی شیری منداڵانی پیسبووەوە تووشی ژەهراویبوونی خۆراک بوون.