بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ کەسێک خۆی دەشوات و لەبارەی لفکەی کوردەوارییەوە گوترا، ''مەترسیدارە''
رووداو - تەندروستی
بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراسە و لەنێو ستۆدیۆ کەسێک خۆی دەشوات، چونکە باس باسی جۆشووشتنە. پسپۆڕێکی پێست دەڵێت: ئەوانەی زۆر ئارەقدەکەنەوە؛ زۆرتر خۆیان بشۆن. لەبارەی لفکەی کوردەواریش نهێنییەک ئاشکرا دەکات.
د. رۆشان دارا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری باسی لفکە دەکات و دەڵێت: زۆر زبرە و بۆ پێست باش نییە، چونکە خانەکانی تێکدەدات و وشکی دەکات، بەمەش ئەگەری دروستبوونی هەستیاری و نیشانەکانی ئەکزیما زیاد دەبن. هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، هەفتانە جارێک بەکاربێت یاخود ئیسفنج بەکاربێت کە زبر نییە و نەرمە بۆ پێست.
د. رۆشان دارا باسی شووشتنی منداڵانی ساوا دەکات و گوتی، ئاوی شۆردنی منداڵ نابێت نە زۆر سارد و نە زۆر گەرم بێت و لە رۆژی لەدایکبووندا باشترە راستەوخۆ منداڵ نەشۆردرێت، بەڵکو باشترە تا دوای 24 کاژێر لە لەدایکبوون ئینجا بشۆردرێت.
خاولیش یەکێک بوو لە بابەتەکان و پسپۆڕەکە گوتی، ''باشترە دوای خۆشۆردن خاولی بەکاربهێندرێت و باشترە ئەستووربێت، چونکە ئاوەکە باشتر هەڵدەمژێت''. گوتیشی، ''خاولیی جەستە و روخسار دەبێت جیاواز بێت و بۆ وشکبوونەوە لە ژوورەوە هەڵبواسرێت''.
دکتۆر فاتیمە مەحموود، پزیشکی دەرمانساز یەکێکی دیکە بوو لە میوانەکان و گوتی، سابوونی گلیسرین بۆ منداڵانیش سەلامەتە و پێست بە شێداری دەهێڵێتەوە. هەروەها زۆربەی کات سابوونی رەقی سەلامەتە و گرفت دروست ناکات.
ئەمانەش بزانە؛
- پێش شانەکردن؛ باشترە بەشێکی قژ وشک بووبێتەوە.
- منداڵی بچووک باشترە لە ژوورێکی هەندێک گەرم بشۆردرێت.
- سابوون و شامپۆی قژ و جەستە جیاوازبن.
- خۆشۆردنی تەندروست ئەوەیە کە بەپێی پێویستیی کەسەکان بێت.
- خۆشۆردنی تەندروست جەستە ئارام و فێنک دەکاتەوە.
- پێویست نییە کەسێک چەند کاژێر جارێک خۆی بشوات.