توێژینەوەیەک: کاریگەریی رووداوە ناخۆشەکانی منداڵی بە درێژایی ژیان دەمێنێتەوە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەزموون و ژینگە نەرێنییەکانی سەردەمی منداڵی دەکرێت ببنە هۆی زنجیرەیەک کێشەی دەروونی و جەستەیی لە قۆناخەکانی دواتری ژیاندا.
توێژینەوەکە لە زانکۆی جۆرجیا لە ئەمریکا کراوە و دەرکەوتووە، منداڵان لە تەمەنی 10 ساڵییەوە هەست بە مەترسییەکانی ژینگە و دەوروبەریان دەکەن، ئەو ژینگە نائارامانە نەک تەنیا کاریگەرییان لەسەر رەفتاری منداڵەکان هەبووە، بەڵکو کاردانەوەی فیزیۆلۆژی و هەوکردنیان لە کۆئەندامی دەماریاندا دروستکردووە.
بە گوێرەی زانکۆ ئەمریکییەکە کاتێک لە تەمەنی گەنجیدا ژینگەیەکی پارێزراوی وەکو ماڵەوە جێدەهێڵرێت، کاریگەرییە نەرێنی دەروونی لەسەر ژیانی منداڵەکان رەنگی داوەتەوە و پاشان پەنایان بۆ چەندین خووی خراپ بردووە.
سیێرا کارتەر، یەکێک لە توێژەران و بەڕێوەبەری نوێی سەنتەری توێژینەوەی خێزان لە زانکۆی جۆرجیا دەڵێت، "ئەو شتانەی لە منداڵیدا بەسەرت دێن، لە شێوازی پەروەردەکردنەوە تاوەکو ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژیت، دەتوانن ببنە هۆی کێشەی درێژخایەن."